سامسۆنگ
2, نیسان 2019
سامسۆنگ ڕێکەوتی بەردەستکردنی گالەکسی S10 5G ـی ئاشکراکرد

لە ماوەی ڕابردوودا لە پاڵ نمایشکردنی گالەکسییە نوێیەکانی S10 و +S10 و S10E ـدا، سامسۆنگ مۆبایلی گالەکسی S10 5G ـی کارکردوو بە 5G و خاوەن 4 کامێراوە نمایشکرد، بەڵام لە کاتی نمایشکردنیدا سامسۆنگ ڕێکەوتی بەردەستکردنی ئامێرەکەی ئاشکرا نەکرد. دوا جار و ئەمڕۆ ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلەکە ئاشکراکرا.
کۆمپانیای سامسۆنگ ڕایگەیاند لە ڕێکەوتی 5 ـی ئەم مانگەدا مۆبایلی گالەکسی S10 5G بەردەست دەکرێت، سەرەتا لە وڵاتی کۆریای باشوور بەردەستکردنەکە دەستپێدەکات و لە پاشان لە بازاڕی وڵاتانی دیکەدا بەردەست دەکرێت. بەڵام سامسۆنگ نرخی گالەکسییەکەی ئاشکرا نەکرد، هەروەها بە تەنها کۆمپانیاکە ڕێکەوتی بەردەستکردنی گالەکسییەکەی لە وڵاتی کۆریای باشوور ئاشکراکرد و دیار نییە لە کەیدا گالەکسییەکە لە بازاڕی وڵاتانی دیکەی جیهاندا بەردەست دەکرێت.
مۆبایلی گالەکسی S10 5G ئاستبەرزترین مۆبایلی نێو زنجیرەی S ـی گالەکسییە تاوەکو ئێستا. خاوەن ڕوونمایەکی گەورەیە بە قەبارەی 6.7 ئینج لە جۆری Infinity-O و Dynamic AMOLED، لە پشتەوە خاوەن 4 کامێرای ئاست بەرزە و لە پێشەوەش خاوەن 2 کامێرایە. پڕۆسێسەری جۆری Snapdragon 855 (بۆ جۆری ئەمریکی) و Exynos 9820 (بۆ جۆرەکانی دیکە) ـی لەسەر جێگیرە، خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 8 گێگابایت لەگەڵ بیرگەیەکدا بە قەبارەی 256 و 512 گێگابایت، هەروەها خاوەن پاترییەکە بە توانستی 4.500 ملی ئەمپێر/کاتژمێر و وەشانی One UI (بنچینەکراو لەسەر Android 9 Pie) ـی لەسەر جێگیرە.
پێگەی Sam Mobile پێشبینی دەکات نرخی مۆبایلی گالەکسی S10 5G لە نێوان 1.231$ تاوەکو 1.366$ بێت. بۆ دڵنیایی زیاتر دەربارەی نرخی مۆبایلەکە، پێویستە تاوەکو ڕێکەوتە ئاماژەپێکراوەکە چاوەڕێ بکەین.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.