مایکرۆسۆفت
3, نیسان 2019
مایکرۆسۆفت چیدیکە کتێبی ئەلکترۆنی لە کۆگای Microsoft Store ـدا نافرۆشێت

مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە کۆتایی دەهێنێت بە فرۆشتنی کتێبە ئەلکترۆنییەکان لە کۆگای Microsoft Store ـی سیستەمی ویندۆزدا. ڕاژەی بەشەکە لە کۆگای Microsoft Store ـدا ناکارا کرا، چیدیکە کتێبە ئەلکترۆنییە خۆڕاییەکانیش بەردەست نابن بۆ داگرتن.
هەروەها مایکرۆسۆفت پارەی خەرجکراو لە کڕینی کتێبەکانی نێو کۆگاکەدا بۆ کڕیاران دەگەڕێنێتەوە و مافیان ناخورێت. کۆمپانیاکە هۆکاری وەستاندنی فرۆشتنی کتێبە ئەلکترۆنییەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام پێگەی ZDNet هۆکارەکەی بۆ کەمی کڕیار و بەکارهێنەری بەشەکە دەگەڕێنێتەوە. ئەمەش نیشانەی سەرنەکەوتنی خزمەتگوزارییەکەی مایکرۆسۆفت دەسەلمێنێت لە بەرامبەر خزمەتگوزارییە کتێبە ئەلکترۆنییەکانی Amazon و Apple Books و Google Play Books ـدا.
ئێستا بەشەکە ناچالاکە بە هۆی وەستاندنی ڕاژەکەیەوە، بەو مانایەی چیدیکە ناتوانرێت کتێب بکڕدرێت و دابگیرێت. ئەگەر هەر کتێبێکت لە خزمەتگوزارییەکەی مایکرۆسۆفت کڕیوە، مایکرۆسۆفت پڕی پارەی خەرجکراویت بۆ دەگەڕێنێتەوە.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.