شاومی

بە فەرمی کۆگای شاومی Mi Home لە هەولێر کرایەوە

دوێنێ، ڕێکەوتی ٥\٤\٢٠١٩، لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستان، کۆمپانیای شاومی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای ئایتی لۆبی کۆگای فەرمی شاومی MiHomeـیان بە ڕووی بەکارهێنەر و کڕیارانیاندا کردەوە. شایەنی باسە لە کاتی کردنەوەی می هۆمدا هەریەک لە نوێنەری کۆمپانیای شاومی و ئایتی لۆبی ئامادەبوون و بە گەرمی پێشوازیان لە میوانان کرد، و هەروەها کردنەوەکەش لە لایەن بەکارهێنەرانەوە بە گەرموگوڕیەوە و گڕوتینێکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا.

وەکو پیشەی هەمیشەییمان، دەستەی کەی ئای تی ئێن لەوێ ئامادەبوون و ڕووماڵی کردنەوەی کۆگاکەیان کردوو، و لە نزیکەوە بەڕێوەبەری کۆگاکە و نوێنەری شاومی دواند. لە میانەی پرسیارەکاندا لەسەر بەردەست نەبوونی هەندێک لە ئامێرەکان لە ڕۆژی کردنەوەدا بەڕێوەبەری کۆگا، مەنسوڕ بڵباس، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ هەندێک کێشە لە کاتی ناردنی بەرهەمەکان و دواکەوتنیان. بەڕێزیان داوای لێبوردنی کرد لە بەکارهێنەران و بەڵینی دا بە زووترین کات گشتی بەردەست دەبێت بە نرخی فەرمی. هەروەک بەڕێزیان گوتیان لە پلاندایە کە می هۆم لە شارەکانی تری کوردستان و عێراق بکەنەوە و فراوانتری بکەن.

لە پرسیارێکماندا لە ڕیچارد، نوێنەری فەرمی شاومی، سەبارەت بە هاتنیان بۆ عێراق و کوردستان بە تایبەتی؟ لە وەڵامدا گوتی عێراق وڵاتێکی گەورەیە و پێمان وابوو پێویستە خزمەتگوزارییەکان بگەیەنین بۆ ئێرە و ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای شاومی، کە هاوبەشی سەرەکیمانە، جێبەجێکراوە. ئەمە و پلانیان بۆ فروانکردنی خزمەتگوزارییەکانیان تا سەرتاپای عێراق و کوردستان دەگرێتەوە لە داهاتوودا. سەبارەت بە نرخ لێمان پرسی: چۆن دەتوانن ئەم بەرهەمانە بەم نرخە کەمە بخەنە بازاڕەوە؟ لە وەڵامدا وتی ئەمە دروشمی ئێمەیە، کە بەردەستکردنی بەرهەمی جۆرایەتی بەرزە بە نرخی گونجاو، لەبەرئەوە هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ بە دیهێنانی ئەم دروشمە و خزمەتکردنی بەکارهێنەرانمان. هەروەک ئاماژەیشی بەوەکرد کە می هۆم بۆ ئەوان گرنگە تا وا بکەن بەکارهێنەران لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی زیندوو بەرهەمەکان تاقیبکەنەوە و ئەزموونیان بکەن و خۆیان بڕیار لە نایابی بەرهەمەکانمان بدەن.

ئەمەی خوارەوە ئەلبوومێکە لە کاتی کردنەوەی کۆگاکە تا کاتی داخستنی لەم ڕۆژەدا:

 

6 نیسان، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1165