ئەندرۆید

گووگڵ سەرقاڵی دیزاینێکی نوێ و نایابە بۆ گووگڵ پلەی

هەر لە کاتی ڕاگەیاندنیەوە تا ئێستا، گووگڵ سەرقاڵی جێبەجێکردنی دیزاینی مەتێریاڵە لە ئەپەکانیدا، , وا پێدەچێت ئەپی داهاتوو کە بەم دیزاینە نوێبکرێتەوە بریتی بێت لە کۆگای گووگڵ پلەی. بەم بۆنەیەوە لە نوێترین وەشانی تاقیکاری گووگڵ پلەیدا دیزاینێکی نوێ بەدی دەکرێت کە گۆڕانکاری ڕیشەیی تێداکراوە.

لەم دیزاینە نوێیەدا، مەتێریاڵ تەواوی ڕووپەڕی ئەپەکەی داپۆشیوە و هاوتای کردووە لەگەڵ ئەو ئەپانەی پێشتر ئەو دیزاینەیان پێ گەیشتووە. ئەگەر سەرەنجی ئەم وێنەیەی خوارەوە بدەن لە بەشی خوارەوەی گووگڵ پلەی چەند تابێک هەیە بۆ ئاسان گەیشتن بە بەشە سەرەکییەکانی وەکو یاری و تەلەڤیزیۆن و فیلمەکان و کتێب و پەڕی سەرەکی.

هەروەک بەشە سەرەکییەکان لە بەشی سەرەوەی ئەپەکە ماونەتەوە، بەڵام لەگەڵ دیزاینە نوێکە ئایکۆنەکان نەماون، و ئاسانترکراون بۆ خوێندنەوە و گەڕان، و لۆگۆی گووگڵ پلەی لابراوە و بە ناوی ئەو بەشە گۆڕدراوە. هەروەها کاتێک دەچیتە بەشی مەبەست دەبینیت دوگمەی More بە تیرێک گۆردراوە و کاتێک پەنجەی پێدادەنێیت ئەوا تەواوی لیستی ئەپەکانی ئەم بەشە دەردەکەون.

پەڕی تایبەتی هەر ئەپێک نوێکراوەتەوە و فۆنتی Google Sans fontـی تێدا بەکارهاتووە، کە زیاتر لە ناوی ئەپەکان دیار و ئاشکرایە. ئەگەر ئەپەکە دانەگیرابێت ئەوا دوگمەیەکی سەوزی لەمسەر بۆ ئەمسەری Installـی هەیە. هەروەک ئەم نوێکاریانە بەشی My apps & games گرتووەتەوە و چەند ڕێکخستنێکی تێداکراوە، بۆ نمونە، نەهێشتنی هێڵی جیاکەرەوە لە نێوان ئەپە پێشتر داگیراوەکان.

ئەم دیزاینە نوێیەی گووگڵ پلەی لە ئێستادا لە پەرەپێداندایە، و گووگڵ هیچ زانیاریەکی لەبارەی بەردەست بوونی گشتی ئەم دیزاینە نەدرکاندووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم زانیاریانە دزەیانپێکراوە لەم بارەیەوە، ئەوا بەردەستبوونی نزیکە و چاوتان لەسەر کەی ئای تی ئێن بێت بۆ هەر گۆڕانکاریەک لەم ڕووەوە.

سەرچاوە :

9to5Google

13 نیسان، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1114