گووگڵ
18, نیسان 2019
ئاشتی لە نێوان گووگڵ و ئەمەزۆن: لە کۆتایدا یوتیوب بۆ FireTV و Prime بۆ کڕۆمکاست بەردەست دەبێت

لە ماوەی ڕابردوودا گووگڵ و ئەمەزۆن لە جەنگێکی بەردەوامی دژ بەیەکیدا بوون و هەریەکە و لەلای خۆیەوە دەیەویست دژایەتی ئەوەی تر بکات بە ڕێگەی جیاجیا. بۆ نمونە، گووگڵ هەوڵی دەدا خزمەتگوزارییەکانی خۆی وەکو یوتیوب لەسەر بەرهەمەکانی ئەمەزۆن کارنەکات و بە پێچەوانەشەوە. بەڵام بەسەرسوڕمانیەوە ئەمڕۆ هەواڵی بەرپابوونی ئاشتی لە نێوان گووگڵ و ئەمەزۆن پێگە تەکنەلۆژییە جیهانییەکانی تەنیوە و لە کۆتایدا ڕێککەوتن.
لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا، هەریەک لە گووگڵ و ئەمەزۆن ڕایانگەیاند کە هەماهەنگی ڕادەگەیەنن لە بەردەستکردنی خزمەتگوزارییەکانیان لەسەر ئامێرەکانی یەکتری. بەم بۆنەیەوە لە چەند مانگی داهاتوودا ئەپی یوتیوب بۆ Fire TV دەگەڕێندرێتەوە، کە ئامێرێکی زیرەکە و بە تەلەڤیزیۆنەوە پەیوەست دەکرێت و خاوەن سیستەمی خۆیەتی بە ناوی FireOS و بنچینەکراوە لەسەر ئەندرۆید، و لە ڕێگەیەوە دەتوانیت زۆر کردار ئەنجام بدەیت، بۆ نمونە، سەیرکردنی فیلم و کردنەوەی ماڵپەڕەکان و یاری و هتد…، هەروەک لە کۆتایی ئەمساڵیشدا هەریەک لە ئەپی Youtube TV و Youtube Kidsـی بۆ بەردەست دەکرێت.
لەلایەن ئەمەزۆنیشەوە، ئەپی Prime Video لە چەند مانگی داهاتوودا پشتگیری کڕۆمکاستی بۆ زیاد دەکرێت، واتە کڕۆمکاستەکانی گووگڵ و ئەوانەیشی کە ئەم خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ تێکهەڵکێشکراوە. هەروەها ئەپەکە لەسەر Android TV ـیش بەردەست دەبێت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!