ئەپڵ

ڕاپۆرتێک: ئەپڵ زیادەڕۆیی لە تەمەنی پاتری ئایفۆندا کردووە + ئەپڵیش وەڵام دەداتەوە

ڕاپۆرتێکی دەزگای ?Which، کە بەشێکە لە Consumers’ Associationـی بەڕیتانی، ئاشکرای دەکات ئەپڵ زیادەڕۆیی لە خەمڵاندنی تەمەنی پاتری ئایفۆنەکانیدا کردووە، ئەمەش لە دوای ئەوەی دەزگای ناوبراو تاقیکردنەوەی ئەنجام داوە و بۆی دەرکەوتووە تەمەنی پاتری زۆر لەوە کەمترە کە ئەپڵ بانگەشەی بۆ دەکات، بە ئەندازەیەک کە مۆدێلێکیان بە ڕێژەیەکە دەگاتە ٥١%.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات ئایفۆن XR تا ١٦ کاتژمێر و ٣٢ خولەک لە پەیوەندی گرتنی ئاسایی بەرگەی گرتووە، لە کاتێکدا ئەپڵ لەسەر پەڕی فەرمی خۆی بانگەشەی ٢٥ کاتژمێر دەکات.

دەزگای ناوبراو تاقیکردنەوەی لەسەر ٩ جۆری ئایفۆنی نوێ و بەکارهێندراویش کردووە، و گشت تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە کە ئەپڵ زیادەڕۆیی کردووە لە خەمڵاندنی تەمەنی پاتری ئایفۆنەکانی، کە ڕێژەی زیادەڕۆییەکە لە نێوان ١٨% بۆ ٥١%ـیە.

لە وەڵامێکی ئەپڵدا بۆ دەزگای ?Which هاتووە: “ئەپڵ بەرهەمەکانی بە بەرزترین ئاست تاقیدەکاتەوە و بە تەواوی دڵنیایی لە خەمڵاندنەکانیان دەکات بۆ پاتری بەرهەمەکانیان”، هەروەک ئەپڵ ئاماژە بەوەش دەکات کە دەزگای ناوبراو هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر شێوەی تاقیکردنەوەکە و ڕێبازی تاقیکردنەوەکە بڵاونەکردووەتەوە، کە لە کاتێکدا ئەپڵ خۆی لەم بەستەرە بە وردی تاقیکردنەوەکانی خۆی بڵاوکردووەتەوە.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کۆمپانیای htcـیش بە هەمان شێوەی ئەپڵ زیادەڕۆیی کردووە لە خەمڵاندنی تەمەنی پاتری هەندێک لە مۆبایلەکانی بۆ کاتی پەیوەندیکردنی ئاسایی، بەڵام کۆمپانیای وەکو نۆکیا و سامسۆنگ، دەرکەوتووە کە تەمەنی پاتریەکانیان زیاتربووە لەوەی خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن بۆ کاتی پەیوەندیکردنی ئاسایی.

سەرچاوە :

4 ئایار، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1150