10
هەواڵ 6, ئایار 2019

یاریەکی نوێ و ناوازە بە خۆڕایی بەردەستە لە کۆگای Epic Games بۆ ماوەیەکی کاتی

لە چوارچێوەی بەڵێنەکەیدا کۆگای Epic Games هەموو دوو هەفتەیەک و بە درێژایی ساڵی 2019 هەڵدەستێت بە بەخۆڕایی کردنی یاریەک بۆ ماوەیەکی کاتی، ئێمەش وەک کەی ئای تی ئێن لەگەڵتان بووین لە گواستنەوەی هەواڵی بەخۆڕایی بوونی زۆرینەی ئەو یاریانە لە سەرەتای بەردەستبوونیانەوە هەتاوەکو ئێستا، یاری ئەم جارەش ناوی World of Gooـە و یەکێکە لە خۆشترین یاریە کلاسیکیەکان.

یاریەکە وەک ئاماژەمان پێدا یەکێکە لە یاریە کلاسیکیەکان و ماوەی نزیک 10 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنیدا تێپەڕیوە، قەبارەی یاریەکەش زۆر کەمە و نزیکی 200 مێگابایت دەبێت، منیش وەک زۆرینەی یاریەکانی دیکە ئەم یاریەم تاقیکردەوە هەرچەندە زۆرینەی ئاستەکانیم تەواو نەکرد بەڵام بێگومان یاریەکی خۆش بوو و چێژێکی تایبەتی هەبوو و بێگومانیش پێشنیاری تاقیکردنەوەی دەکەم بۆ ئێوە.

بۆ بەدەستهێنانی یاریەکە پێویستە کۆگای Epic Games لەسەر کۆمپیوتەرەکەت دابگریت پاشان بە هەژمارەکەت داخڵ ببیت و بە شوێن ئەپەکەدا بگەڕێیت پاش ئەوە تەنها چەند کرتەیەکت لەسەرە هەتاوەکو یاریەکە بۆ هەمیشە زیاد بکەیتە سەر هەژمارەکەت و بتوانیت هەر کاتێک ئارەزووت لێ بوو تاقیبکەیتەوە، ماوەی بە خۆڕایی بوونی یاریەکەش هەتاوەکو بەرواری 16/5/2019ـیە واتە نزیک 10 ڕۆژێکت لەبەردەستدایە هەتاوەکو یاریەکە زیاد بکەیتە سەر هەژمارەکەت.

بۆ زیاتر ئاشنابوون بە شێوازی یاریکردن لە World of Gooـدا بینەری ئەم ڤیدیۆیە بن:-

تاگەکان Epic Games World of Goo
بۆچونی تۆ