ئەپ و نەرمەکاڵا

ئەپڵیکەیشنی KurdPlay بۆ Android بەردەستکرا؛ یەکەمین ئەپڵیکەیشنی کوردی تایبەت بە زانیارییەکانی فیلم و زنجیرە جیهانییەکان

ڕۆژ بە ڕۆژ کۆگا بەناوبانگەکان بە ئەپ و نەرمەکاڵا کوردییەکان دەڕازێنەوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جێگای دڵخۆشبوونە. لە دوای ماوەیەک هیلاک بوون پێوەی، ئەپێکی نوێ لە لایەن گەشەپێدەری کورد بەڕێز “ئەیمەن صەبری” لە کۆگای گووگڵ پلەیدا تایبەت بە زانیارییەکانی فیلم و زنجیرە و ئەنیمی و ئەنیمەیشنە جیهانییەکان بڵاوکرایەوە، کە خاوەن چەندان تایبەتمەندی و دیزاینێکی سەرنجڕاکێشە.

ئەپڵیکەیشنەکە ناوی KurdPlay ـە. یەکەمین کۆگای زانیاری تایبەت بە فیلم و زنجیرە و ئەنیمی و ئەنیمەیشنە جیهانییەکانە لە کوردستان. ئەپەکە خاوەن زمانەکانی ئینگلیزی و کوردی (شێوەزاری بادینی) ـە. هەروەها گەشەپێدەرەکە بەڵێنی داوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا زمانی کوردی (شێوەزاری سۆرانی)ـش بۆ ئەپەکە زیاد بکات. ئەوەی ئەم ئەپە جیادەکاتەوە، یەکەم ئەپی کوردییە کە تایبەت بێت بەو چەشنە.

ئەمانەی خوارەوە تایبەتمەندییەکانی ئەپەکەن:

  • بینینی زانیارییەکانی فیلم و زنجیرە و ئەنیمی و ئەنیمەیشنەکان بە زمانی کوردی.
  • نیشاندانی جۆر یاخود چەشنی فیلم/زنجیرە/ئەنیمی/ئەنیمەیشنەکان.
  • نیشاندانی نمرە پێدانەکان بە پێی ماڵپەڕەکانی IMDb و MovieGuide.
  • کورتەیەک لەسەر فیلم/زنجیرە/ئەنیمی/ئەنیمەیشنەکان بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی (بادینی).
  • نیشاندانی ناوی ئەکتەرەکان.
  • نیشاندانی ناوی دەرهێنەر.
  • ڕێژەی تەماشاکردنی فیلمەکە.
  • نیشاندانی گونجاوی فیلمەکە لە ڕووی دیمەن و کاری خراپ و وتەی نەشیاو و توندوتیژی.
  • نیشادانی بەستەری پێشبەند (Preview/Trailer) ـی فیلم/زنجیرە/ئەنیمی/ئەنیمەیشنەکان.
  • نیشادانی مێژووی بڵاوکردنەوەی فیلم/زنجیرە/ئەنیمی/ئەنیمەیشنەکان.
  • هەبوونی تایبەتمەندی گەڕان.

ئەپەکە خاوەن دیزاینێکی سەرنجڕاکێشە، کە هاوشێوەی دیزاینی مەتێریاڵی گووگڵە، بەڵام سەر لە نوێ لە لایەن گەشەپێدەرەکە نەخشێندراوە و پشت بە دیزاینەکەی گووگڵ نەبەستراوە. ئەمانەی خوارەوە چەند وێنەیەکی نێو بەشەکانی ئەپەکەن.

نرخی ئەپەکە بە خۆڕاییە، قەبارەی 14 مێگابایتە و لەگەڵ وەشانی Android 4.1 و نوێتر کار دەکات. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەکەی خوارەوە بکەیت بۆ داگرتنی ئەپەکە.

6 ئایار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
508