هەواڵ 9, ئایار 2019

چەند وێنەیەکی دزەپێکراوی مۆبایلی Honor 20 Pro دیزاینی مۆبایلەکە ئاشکرا دەکات

لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک زانیاری بڵاوبوونەوە لە بارەی ئەوەی کۆمپانیای ئۆنەر دەیەوێت مۆبایلی Honor 20 Pro ڕابگەیەنێت و ڕۆژی ڕابردووش کۆمەڵێک وێنەی مۆبایلەکە دزەپێکران و بە هۆیەوە دیزاینی مۆبایلەکە ئاشکرابوو، وێنەکانیش وەک ئاشکرایە زانیاریە دزەپێکراوەکانی پێشوو لە بارەی مۆبایلەکە پشتڕاست دەکاتەوە بێجگە لەوەیان کە دەڵێت Honor 20 Pro خاوەنی چاڵی ڕوونما دەبێت و کامێرای پێشەوەی تێدا جێگیردەکرێت.

بە پێی وێنەکان کامێرای پێشەوەی مۆبایلەکە بە هیچ شێوەیەک لە ڕوونمادا جێگیرنەکراوە و لە ڕووکاری پێشەوەش هیچ شتێکی لەو جۆرە بوونی نییە ئەمەش وامان لێدەکات گومانی ئەوە ببەین مۆبایلەکە خاوەنی کامێرایەکی سەرهەڵدەر ببێت واتە لە بەشی سەرەوەی مۆبایلەکە کامێرای پێشەوە بێتە دەرەوە، هەروەها وا دیارە Honor 20 Pro خاوەنی سێ کامێرا دەبێت لە ڕووکاری پشتەوە و ئەگەریش سەرنج بدەینە وێنەکان ئەوا تێبینی بوونی هەستەوەری پەنجەمۆر ناکەین هەر بۆیە پێدەچێت خاوەنی هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما بێت.

بە هەر حاڵ سەرجەم زانیاریەکان لەم بارەوە هەتاوەکو ئێستا بەم شێوەیەن و لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەر زانیاریەکی نوێ ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن لەگەڵتان دەبێت و ڕاستەوخۆ هەڵدەستین بە گواستنەوەی هەواڵەکان.

وێنە دزەپێکراوەکان:-

تاگەکان Honor 20 Pro
بۆچونی تۆ