ئەپ و نەرمەکاڵا

ئەپڵ ئەپی TV ـی بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی کۆمپانیای Samsung بەردەستکرد

لە کۆنگرەی CES ـی سەرەتاکانی ئەمساڵدا، کۆمپانیای سامسۆنگ زیادکردنی پشتگیری iTunes و پشتگیری AirPlay 2.0 ـی بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکانی ڕاگەیاند. لە دوای ئەوەی دوێنێ ئەپڵ وەشانە نوێیەکانی iOS 12.3 و tvOS 12.3 ـی بەردەستکرد، کۆمپانیاکە ئەپی نوێکراوەی TV ـی بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ بەردەستکرد.

گشت تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی ئەمساڵ و ژمارەیەک تەلەفزیۆنی زیرەکی 2018 ـی سامسۆنگ توانای بەدەستهێنانی ئەپی TV ـی ئەپڵ و AirPlay 2.0 ـیان دەبێت. ئەپەکە ڕێگە بە بەکارهێنەرانی تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی سامسۆنگ دەدات سەیری فیلم و زنجیرە جیهانییەکان بکەن، هەروەها دەتوانن دەستیان بگات بەو فیلم و زنجیرانەی کە لە ئامێرەکانی Apple TV کڕیبوویان و پێویست بە دووبارە کڕینەوە ناکات. لە ئێستادا ئەپەکە و تایبەتمەندییە ناوبراوەکە بۆ ئەم تەلەفزیۆنە زیرەکانەی سامسۆنگ بەردەستن:

  • (Samsung FHD/HD 4, 5 Series (2018
  • (Samsung QLED 4K Q6, Q7, Q8, Q9 Series (2018 & 2019
  • (Samsung QLED 8K Q9 Series (2019
  • (Samsung The Frame Series (2018 & 2019
  • (Samsung The Serif Series (2019
  • (Samsung UHD 6, 7, 8 Series (2018 & 2019

سامسۆنگ دەڵێت کە ئەپی TV ـی ئەپڵ توانای گونجاندنی هەیە لەگەڵ خزمەتگوزارییە زیرەکەکانی وەکو؛ ڕێبەری Universal، یاریدەدەری دەنگی Bixby و گەڕانەکان.

هاوکات بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد و ماکەکان لەسەر وەشانە نوێیەکانی iOS 12.3 و macOS 10.14.5 دەتوانن سوود لە خزمەتگوزاری AirPlay ببینن بۆ گواستنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانیان بۆ سەر تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی سامسۆنگ.

سامسۆنگ تاکە کۆمپانیایە کە لە ئێستادا پشتگیری لە کۆگای iTunes و AirPlay 2.0 بکات. بەڵام لە پێشوودا کۆمپانیاکانی LG و Vizio و Sony زیادکردنی پشتگیرییەکەیان بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکەکانیان ڕاگەیاندبوو.

سەرچاوە :
14 ئایار، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
947