ئای ئۆ ئێس
13, ئایار 2019
ئەپڵ وەشانەکانی iOS 12.3 و tvOS 12.3 ـی بە خاوەن ئەپی نوێکراوەی TV ـییەوە بەردەستکرد

لە دوای تێپەڕبوونی حەوت هەفتە بەسەر بەردەستکردنی وەشانەکانی iOS 12.2 و tvOS 12.2. ئەمڕۆ ئەپڵ هەر یەکە لە وەشانە نوێیەکانی iOS 12.3 و tvOS 12.3 ـی بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆد و ئەپڵ تیڤییەکان بەردەستکرد. بێگومان ئەم وەشانەش خۆی لە چەند گۆڕانکارییەک دەبینێتەوە. دیارترین گۆڕانکاری، نوێکردنەوەی ئەپی TV ـییە.
لە مانگی 3 ـی ئەمساڵدا و لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا لە ژێر ناوی It’s show time، ئەپڵ نوێکردنەوەی ئەپی TV ـی لە وەشانەکانی iOS و tvOS ـدا ڕاگەیاند. ئێستا ئەپەکە خاوەن دیزاینێکی نوێیە، ڕێگەت پێ دەدات گشت فیلم و دراماکان ڕاستەوخۆ سەیر بکەیت، لەگەڵ نیشاندانی گشت وردەکارییەکانی. کە لە پێشوودا بە گرتە کردن لە فیلم و دراماکان، ئەپی تایبەت بە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری بۆ دەکردیتەوە. هەروەها دەتوانرێت فیلم و دراماکان ڕاستەوخۆ لە نێو ئەپەکەدا بکڕدرێن.
دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دیکەی وەشانی iOS 12.3، پشتگیری نەوەی دووەمی پەخشکەری بێوایەری AirPlay 2 بۆ تەلەفزیۆنەکان زیاد کراوە کە دەتوانرێت وێنە و ڤیدیۆکان پەخش بکرێن بۆ سەر تەلەفزیۆنە زیرەکەکان. هەروەها چەند وردە کێشەیەکی خزمەتگوزاری +News و ئەپی Music و پەیوەندیکردنی Wi-Fi و ئەپی Apple TV Remote چارەسەر کراوە.
چۆنیەتی نوێکردنەوەی وەشان:
- کردنەوەی ئەپی Settings
- کردنەوەی بەشی General
- کردنەوەی بەشی Software Update
- کرتە کردن لە Download and install
تێبینی بۆ نوێکردنەوەی وەشان:
- پێویستە وزەی پاتری ئامێرەکەت لە %50 زیاتر بێت.
- پێویستت بە ئینتەرنێتی وایفای هەیە بۆ نوێکردنەوەی وەشان.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.