10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 17, ئایار 2019 بۆچوون

کۆمپانیای Spotify یەکەمین ڕەقەکاڵای خۆی بە ناوی “Car Thing” بۆ نێو ئۆتۆمبێلەکان ڕاگەیاند

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ (17 ـی 5) کۆمپانیای Spotify ـی تایبەت بە خزمەتگوزاری پەخشکەری دەنگی، یەکەمین ڕەقەکاڵای خۆی بە ناوی Car Thing ڕاگەیاند کە تایبەتە بە نێو ئۆتۆمبێلەکان.

ئامێرەکە یاریدەدەری زیرەکی کۆنتڕۆڵکردنی دەنگە لە نێو ئۆتۆمبێلدا، یارمەتی شۆفێران و سەرنشینان دەدات تاوەکو لە ڕێگای دەنگەوە کۆنتڕۆڵی میوزیک و گۆرانییەکانی نێو ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن. لە بەشی چەپیدا، خاوەن ڕوونمایەکی بازنەییە کە ناوی میوزیکی کارپێکراو و لیستی میوزیکەکان نیشان دەدات. لە بەشی ڕاستیشدا، خاوەن چەند دوگمەیەکی فیزیاییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میوزیکەکان. پشتگیری لە وزەی کارەبایی 12 ڤۆڵت دەکات بۆ کارپێکردن.

ئامێرەکە پەیوەستە بە خزمەتگوزاری Spotify ـەوە و تایبەتە بە خزمەتگوزاری ناوبراو. بەمەش دەتوانرێت پەیوەستی هەژماری خزمەتگوزارییەکە بکرێت و گوزەر بە نێو میوزیکەکاندا ئەنجام بدرێت. هەروەها بە وتنی “Hey, Spotify”، داخوازییەکان جێبەجێ دەکات.

کۆمپانیاکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئامێرەکە دەخاتە ژێر تاقیکردنەوەی ژمارەیەک لە بەژداربووانی Premium ـی خزمەتگوزاری Spotify لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ڕێکەوتی بەردەستکردن و نرخی ئامێرەکە هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ