10
هەواڵ 18, ئایار 2019 بۆچوون

پێدەچێت کۆمەڵێک دۆخ و تایبەتمەندی مۆبایلەکانی OnePlus 7 Pro و OnePlus 7 بەردەست بکرێن لە OnePlus 6T و OnePlus 6ـدا

وەک ئاشکرایە هەردوو مۆبایلی OnePlus 7 Pro و OnePlus 7 پێشووتر ڕووکاری OxygenOS 9.5ـیان لەسەر جێگیرکراوە و ئەم ڕووکارەش ئەگەر بەراوردی بکەین بە هەمان وەشان بەڵام لە مۆبایلەکانی OnePlus 6T و OnePlus 6ـدا ئەوا دەبینین هەندێک جیاوازی هەیە و بێگومان تایبەتمەندی زیاتری تێدا هەیە.

لە نموونەی ئەو تایبەتمەندیانەش دۆخی Zen Modeـە، لە کاتی چالاککردنی ئەم دۆخە بەکارهێنەر بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ئینتەرنێت بەکاربهێنێت و بێگومان هیچ ئاگاداریەکیشی پێناگات بەڵکو تەنها ڕێگەت پێدەدات پەیوەندیە تەلەفۆنیەکان و ئەپی کامێرا بەکاربهێنیت ئەمەش بۆ ماوەی 20 خولەکە، لەم بارەیەوە کۆمپانیای وەن پڵەس لە ڕوونکردنەوەیەکیدا بۆ ماڵپەڕی Android Authority ئاماژەی بەوەدا تایبەتمەندیەکە بەم زووانە بەردەست دەکرێت لە هەردوو مۆبایلی OnePlus 6T و OnePlus 6ـدا.

بە دڵنیایەوە هاتنی ئەم تایبەتمەندیە هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بەڵام هەواڵە ناخۆشەکە لێرەدا ئەوەیە دۆخی Nightscape 2.0ـی نوێی بەردەستکراو لە هەردوو مۆبایلی OnePlus 7 Pro و OnePlus 7ـدا بوونی نابێت لە مۆبایلە کۆنەکان، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە پارچەکانی مۆبایل، چونکە ئەم دۆخە پشت دەبەستێت بە هاوێنەی 48 مێگاپێکسڵ کە بەداخەوە ئەمە بەدی ناکەین لە هەردوو مۆبایلی OnePlus 6T و OnePlus 6ـدا.

تایبەتمەندیەکی دیکە کە بەردەستکرابوو لە ڕووکاری OxygenOS 9.5ـدا تۆمارکەری ڕوونما بوو، وەک ئاشکرایە کۆمپانیای وەن پڵەس بە پێچەوانەی ڕووکاری هەریەک لە شاومی و سامسۆنگ تۆمارکەری ڕوونمای لە ڕووکارەکەیدا بەردەست نەکردووە، بەڵام ئەم تایبەتمەندیە بەردەستکراوە لەم ڕووکارەدا بۆ هەردوو مۆبایلی OnePlus 7 Pro و OnePlus 7، سەبارەت بە هاتنی ئەم تایبەتمەندیە بۆ مۆبایلە کۆنەکانی وەن پڵەس ئەوا بەداخەوە هیچ هەواڵێکی لە بارەوە نییە بەڵام لە هەمان کاتیشدا کارێکی سەخت نییە و دەتوانرێت بەردەست بکرێت ئەگەر کۆمپانیا نیازی هەبێت، بۆیە ئەگەرێکی زۆر هەیە ئەم تایبەتمەندیەش بەردەست بکرێت لە مۆبایلە کۆنەکانی وەن پڵەسدا.

بۆچونی تۆ