10
هەواڵ 20, ئایار 2019

8 تایبەتمەندی ناوازەی OnePlus 7 Pro کە بەکارهێنەرانی ئایفۆن بەدوایدا وێڵن

وەک ئاشکرایە کۆمپانیای وەن پڵەس لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا مۆبایلی OnePlus 7 Proـی بە فەرمی ڕاگەیاند بە کۆڵێک تایبەتمەندی ناوازە و نرخێکی وەک هەمیشە گونجاوەوە، بێگومان ئەم مۆبایلەش خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە جیاوازی دەکات لە مۆبایلەکانی دیکە بە تایبەتیش مۆبایلەکانی ئایفۆن، هەر بۆیە بە پێویستم زانی بابەتێک بنووسم و تیایدا ئاماژە بە 8 تایبەتمەندی بدەم لە مۆبایلی OnePlus 7 Proـدا بوونی هەیە و بەدی ناکرێن لە هیچ مۆبایلێکی ئایفۆندا.

ڕوونمای تەواو

ئەگەر لەبیرتان بێت کۆمپانیای ئەپڵ کاتێک ئایفۆن ئێکسی بۆ یەکەمین جار ڕاگەیاند ئاماژەی بەوەدا مۆبایلەکە سەرجەمی ڕوونمایە ”it’s all screen” بەڵێ ڕاستە مۆبایلەکە خاوەنی ڕوونمایەکی گەورەتر بوو بەڵام سەرجەمی ڕوونما نەبوو و هەتاوەکو ئێستاش بەو شێوەیەیە، چونکە ڕوونماکەی ڕێژەی لە سەدا 82.9%ـی لە ڕووکاری پێشەوەی مۆبایلەکە داگیرکردبوو ئەمەش بێگومان بە ڕوونمای تەواوەتی دانانرێت.

بێگومان مۆبایلە نوێیەکانیش کە ئایفۆن ئێکس ئێس و ئێکس ئێس ماکسن هەڵگری هەمان دیزاین و شێوەی ئایفۆن ئێکسن، بەڵام کاتێک تەماشای OnePlus 7 Pro دەکەین ئەوا بێگومان خاوەنی ڕوونمای تەواوە چونکە ڕووکاری پێشەوەی خاوەنی نۆچێک یاخود چاڵی ڕوونما نییە، تەنانەت کامێرای پێشەوەش لە ڕووکاری پێشەوە نییە، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت بێگومان مۆبایلەکە خاوەنی ڕوونمای تەواوە و دیزاینێکی ناوازەی هەیە.

کامێرای سەرهەڵدەر

بە دڵنیاییەوە ئەو مۆبایلانەی خاوەنی کامێرایەکی سەرهەڵدەرن هەتاوەکو ئێستا ژمارەیان کەمە لە بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکاندا، مۆبایلی ئاست بەرزی OnePlus 7 Proـش یەکێکە لەو مۆبایلانە و نوێترین بەرهەمی کۆمپانیای وەن پڵەسە هەڵگری کامێرایەکی سەرهەڵدەر بێت. کامێرای پێشەوەی OnePlus 7 Pro وەک ئاشکرایە لە نێو مۆبایلەکەدایە لە بەشی سەرەوە و هەر کاتێک بەکارهێنەر ئەپی کامێرا بکاتەوە ڕاستەوخۆ کامێرای پێشەوە لە مۆبایلەکە دێتە دەرەوە.

بێگومان ئەم کامێرایە شتێکی گرنگ و پێویستە لە مۆبایلەکەدا چونکە لە ڕێگایەوە بەکارهێنەر دەتوانێت هەستەوەری ناسەرەوەی ڕووخسار بەکاربهێنێت، هەروەها ماوەی هاتنە دەرەوەی کامێراکەش زۆر کەمە و بە نزیکیش بەشێک لە چرکە دەخایەنێت و هەتاوەکو ئێستاش ناسینەوەی بۆ ڕووخسار بە شێوەیەکی زۆر خێرایە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی نەرێنی کامێرای سەرهەڵدەر بدەین ئەویش بەهۆکاری هاتنە دەرەوەی لە مۆبایل هەمیشە دیارترین و ئاسانترین بەشە بۆ شکان و زیان.

بەڵام کۆمپانیای وەن پڵەس چارەسەری ئەم کێشەیەشی کردووە و هەستاوە بە جێگیرکردنی هەستەوەرێک لە مۆبایلەکە هەتاوەکو کاتێک مۆبایلەکە لە دەستت کەوتە خوارەوە ڕاستەوخۆ بچێتەوە ناوەوە و زیانی پێنەگات بێگومان ئەم پڕۆسەیەش بە شێوەیەکی زۆر خێرا جێبەجێ دەبێت و پێش کەوتنە خوارەوەی مۆبایلەکە کامێراکە چووەتە ژوورەوە، لەگەڵ ئەمەشدا کۆمپانیای وەن پڵەس دەڵێت کامێرای مۆبایلەکەیان بە شێوەیەک دروست کردووە هەتاوەکو بەرگەی 300.000 جار لە بەکارهێنان بگرێت، بە واتایەکی دیکە کامێرای مۆبایلەکە بێکێشە کاردەکات هەتاوەکو ماوەی 5 ساڵ ئەگەر هەموو ڕۆژێک و بە درێژایی ئەو چەند ساڵەش بۆ 150 جار بەکاریبهێنیت.

پەنجەمۆری ژێر ڕوونما

بێگومان لە کاتی دەرکەوتنی ئەم تایبەتمەندییەدا زۆرینەی بەکارهێنەران ئارەزوویان دەکرد هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما بوونی هەبێت لە مۆبایلە زیرەکەکانیاندا. ئێستاش مۆبایلی OnePlus 7 Pro خاوەنی ئەم تایبەتمەندییە، هەرچەندە پەنجەمۆری ژێر ڕوونما لە مۆبایلی OnePlus 6Tـیشدا بوونی هەیە بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین هەستەوەرەکە لە OnePlus 7 Proـدا جێگیرکراوە لە ڕوونمایەکی گەورەتر بە ڕێژەی لە سەدا 36% و هەروەها خێراتریشە بە ڕێژەی لە سەدا 62% ئەگەر بەراوردی بکەین بە مۆبایلی OnePlus 6T.

ڕوونمای 90 هێرتز

کۆمپانیای ئەپڵ بۆ یەکەمین جار کاتێک یەکەمین ئایپاد پڕۆی بە تایبەتمەندی ProMotion و ڕوونمای 120 هێرتزەوە ڕاگەیاند پێشبینی دەکرا بینەری ڕاگەیاندنی مۆبایلێکی ئایفۆنیش بین بە ڕوونمایەکی 120 هێرتزەوە، بەڵام لەوکاتەوە و هەتاوەکو ئێستا دوو نەوەی ئایفۆن تێپەڕیوە و هیچ ڕوونمایەکی لەم جۆرەمان بەدی نەکرد، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بدەین ڕوونمای 60 هێرتزی مۆبایلەکانی ئایفۆن بۆ بەکارهێنان تەواو ناوازەن بەڵام لەمەدا وەن پڵەس توانی سەربکەوێت بەسەر کۆمپانیای ئەپڵدا.

بە هۆکاری ئەوەی وەن پڵەس ڕوونمایەکی 90 هێرتزی بەردەستکردووە لە OnePlus 7 Proـدا بە قەبارەی 6.67 ئینج و بە ڕوونی QHD+ و لە جۆری Fluid AMOLED، بێگومان جێگای ئاماژە پێدانە مۆبایلی OnePlus 7 Pro یەکەمین مۆبایلە لە جیهان خاوەنی ڕوونمایەکی 90 هێرتز بێت.

هاوێنەیەکی فراوان

بێگومان کامێرای ئایفۆنەکان یەکێکە لە باشترین کامێرا بەردەستبووەکانی مۆبایل بەڵام ئەمە بەردەوام نەبوو هەتاوەکو کامێرای مۆبایلەکانی وەک هواوەی و سامسۆنگ و گووگڵ توانیان لەم ڕووەوە سەربکەون بەسەر ئایفۆندا و هەتاوەکو ئێستاش ئەپڵ نەیتوانیوە سەربکەوێتەوە، تەنانەت بە هاتنی ساڵی 2019ـش ئەپڵ لەم ڕووەوە زیاتر پاشکەوت و نەیتوانی سەربکەوێت بەسەر مۆبایلە نوێیەکانی ئەندرۆیدا.

لێرەشدا دەتوانین بڵێین مۆبایلی OnePlus 7 Pro یەکێکە لەو مۆبایلانەی ئاستێکی تەواو بەرزی پێشکەش کردووە ئەمەش بە هۆکاری بوونی هاوێنەیەکی فراوان لە کامێرای مۆبایلەکەدا. ئاشکرایە OnePlus 7 Pro خاوەنی کامێرایەکی سەرەکییە بە ڕوونی 48 مێگاپێکسڵ ئەمەش بێگومان وا دەکات وێنەیەکی مەودا فراوانتر بچرکێنیت بە بەراورد بە کامێرای مۆبایلەکانی ئایفۆن.

ZEN MODE

زۆرێک لە کۆمپانیاکان بۆ دانانی سنوورێک بۆ بەکارهێنەر و هاوکاریکردنی لە کەمتر بەکارهێنانی مۆبایلدا تایبەتمەندی جیاوازییان بەردەستکرد بەڵام کۆمپانیای وەن پڵەس توانی شێوازێکی باشتر بەردەست بکات ئەمەش لە ڕێگای تایبەتمەندی ZEN MODEـەوە. کاتێک بەکارهێنەر ئەم تایبەتمەندییە چالاک دەکات ئەوا ناتوانێت مۆبایلەکەی بۆ ماوەی 20 خولەک بەکاربهێنێت، لێرەشدا مەبەستمان لەوەیە بەکارهێنەر هیچ ئاگاداریەکی پێناگات و ناشتوانێت ئینتەرنێت بەکاربهێنێت.

بەڵام دەتوانێت پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان ئەنجام بدات و وێنە و ڤیدیۆ تۆمار بکات لە ڕێگای ئەپی کامێراوە.

بیرگەیەک لە جۆری UFS 3.0 و ڕامێک بە قەبارەی 12 گێگابایت

مۆبایلی OnePlus 7 Pro یەکەم مۆبایلی بەردەستکراوە لە جیهاندا خاوەنی بیرگەیەک بێت لە جۆری UFS 3.0، کۆمپانیای وەن پڵەسیش لەم بارەیەوە دەڵێت بیرگە نوێیەکە نۆ جار خێراترە لەو بیرگانەی لە جۆری UFS 2.1ـن و بەردەستن لە مۆبایلەکانی دیکەی وەک ئایفۆندا، هەروەها شایەنی ئاماژە پێدانە مۆبایلە چەماوەکەی سامسۆنگیش کاردەکات بە هەمان جۆری بیرگە بەڵام هەتاوەکو ئێستاش بە هۆکاری چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە بەردەست نەکراوە.

لەگەڵ ئەمانەشدا مۆبایلی OnePlus 7 Pro خاوەنی ڕامێکە بە قەبارەی 12 گێگابایت ئەمەش فراوانییەکی زیاترە بە ڕێژەی دوو یان سێ ئەوەندە لە مۆبایلەکانی ئایفۆن.

بارگاویکەرەوەیەک بە خێرایی 30 وات

بێگومان خێرایی بارگاویبوونەوە یەکێکە لەو تایبەتمەندییە گرنگانەی هەموو بەکارهێنەرێک پێویستییەتی و بێگومان ئەپڵیش لەم بوارەدا پێشکەوتنێکی ئەو و تۆی نەبووە، بە دڵنیاییەوە مۆبایلە نوێیەکانی ئەپڵ پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی وایەر و بێ وایەر دەکات و خێراتریشە لە جۆرەکانی پێشووی ئایفۆن بەڵام بەداخەوە هەتاوەکو ئێستاش بە خێرایی پێویست نییە و بەراورد ناکرێن بە خێرایی بارگاویبوونەوە لە مۆبایلە ئاست بەرزەکانی ئەندرۆیدا.

هەر لەم بارەیەوە مۆبایلی OnePlus 7 Pro هاوشێوەی جۆرەکانی پێشووی مۆبایلەکانی وەن پڵەس هێشتاش پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی بێتەل ناکات، بەڵام کۆمپانیای وەن پڵەس لە جیاتی ئەم تایبەتمەندییە خێراییەکی بارگاویکردنەوەی هەتاوەکو 30 وات بەردەستکردووە بۆ بەکارهێنەران ئەمەش لە ڕێگای تەکنیکی بارگاویکەرەوەی OnePlus Warp Charge بە شێوەیەک خێراترە بە ڕێژەی لە سەدا 38% بە بەراورد بە مۆبایلەکانی ساڵی ڕابردوو و بێگومان نزیکی دوو جاریش خێراترە لە مۆبایلەکانی ئایفۆن.

تاگەکان OnePlus 7 Pro
بۆچونی تۆ