ئای ئۆ ئێس

وێنەی چەند بەشێکی نێو iOS 13 دزەیان پێکرا و نیشانمان دەدات کە وەشانەکە خاوەنی دۆخی تاریک دەبێت

ئێستاشی لەسەر بێت، پێگەکان بەردەوامن لە پڕوپاگەندەکانیان دەربارەی هەبوونی دۆخی تاریک (Dark Mode) لە وەشانی نوێی iOS ـدا کە بە iOS 13 ناودەبرێت. وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە کۆنگرەی کۆنگرەی جیهانی گەشەپێدەران WWDC ـەدا، ئەپڵ وەشانی iOS 13 نمایش بکات و بە شێوەی تاقیکاری بەردەستی بکات. بەڵام لە پێش نمایشکردنیەوە، وێنەی چەند بەشێکی نێو وەشانە نوێیەکە دزەیان پێکرا و پێمان نیشان دەدەن کە خاوەنی دۆخی تاریکە.

پێگەی 9to5Mac چەند وێنەیەکی دزەپێکراوی وەشانی iOS 13 ـی لە پێش نمایشکردنیەوە دەستکەوتووە. وێنەکان پێکهاتوون لە پەڕەی ئەپەکان و نێوخۆی بەشی Apple Music و نێوخۆی بەشی ئامرازی وێنەگرتنی ڕوونما. لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە بەشی دۆک و ڕووکاری ئەپی Apple Music و تەنانەت بەشی ئامرازی وێنەگرتنی ڕوونماش ڕەنگی ڕەش دەنوێنن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەبوونی دۆخی تاریک لە وەشانەکەدا. وێنەی دوگمەی کاراکردنی دۆخی تاریک ئاشکرا نەکراوە، بەڵام زۆرینەی پێگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ئەگەری زۆرە لە ناوەندی کۆنتڕۆڵ (Control Center) ـدا دەبێت.

لەگەڵ دزەپێکردنی بەشەکانی سەرەوەدا، وێنەی نێوخۆی ئەپی Reminders ـیش لە وەشانی iOS 13 ـدا دزەی پێکرا. پێشووتر دەنگۆ ئەبوو کە گوایە ئەپڵ ڕووکاری ئەپی Reminders نوێ دەکاتەوە. وەک لە وێنە دزەپێکراوەکەدا دەردەکەوێت، دەنگۆکە ڕاست دەرچوو!

پێشووتر دەگوترا کە ئەپڵ لە پلانیدا ئەپەکانی Find My iPhone و Find My Friends بکات بە یەک ئەپ، هەروەها دیزاینی ئەپی Health و چەند ئەپێکی دیکە نوێ بکاتەوە.

کۆنگرەی WWDC 19 لە ڕێکەوتی 3 ـی مانگی 6 ـدا لە هۆڵی McEnery ـی شاری سان خۆسێی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا بەڕێوە دەچێت، هەروەها 5 ڕۆژ دەخایەنێت و تاوەکو 7 ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەکەدا وەشانی نوێی هەریەکە لە سیستەمەکانی iOS 13 و macOS 10.15 و watchOS 6 و tvOS 13 ڕابگەیەندرێن.

تێبینی:

وێنە دزەپێکراوەکان لە لایەن پێگەی 9to5Mac بڵاوکراونەتەوە، کە پێگەیەکی تەواو جێگای متمانەیە. بەڵام لە هەر ئەگەرێکدا و ئەگەر زانیارییەکانی سەرەوە ناڕاست دەرچوون یاخود ڕوویان نەدا، ئێمە بەرپرسیار نین.

سەرچاوە :
29 ئایار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
586