10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 29, ئایار 2019 بۆچوون

مەترسیدارترین لاپتۆپ لە جیهاندا ئێستا بەردەستە بۆ فرۆشتن بە نرخی 1.2 ملیۆن دۆلار

بڕی 1.2 ملیۆن دۆلارت هەیە و دەتەوێت خەرجی بکەیت؟ زۆر باشە لەوانەیە لاپتۆپی The Persistence of Chaos بەلاتەوە جێگای سەرنج بێت، ئەم لاپتۆپە دروست کراوە لە لایەن هونەرمەندی سەر ئینتەرنێت Guo O Dongـەوە بەڵام ئەمە تابلۆیەک یاخود پارچەیەکی مێژوویی نییە بەڵکو لاپتۆپەکە هەڵگری مەترسیدارترین شەش زیانەواڵایە لە جیهاندا.

سەرەڕای ئەمەش بەکارهێنەران پارێزراو دەبن لەم زیانەواڵایانە ئەگەر لاپتۆپەکە پەیوەستی وای فای یاخود کلیلی USB نەکەن. سەبارەت بە لاپتۆپەکە ئەوا لە جۆری سامسۆنگە و قەبارەی ڕوونماکەی 10.2 ئینجە و هەڵگری شەش زیانەواڵایە کە هەتاوەکو ئێستا زۆرترین زیانی ئابوورییان بۆ جیهان هەبووە، زیانەواڵاکانیش هەریەک لە زیانەواڵای ILOVEYOU کە دەرکەوتنی بە خۆیەوە بینی لە ساڵی 2000ـدا و بە شێوەی نامەیەکی خۆشەویستی ئەلیکترۆنی بوو.

هەروەها هەڵگری زیانەواڵای بەناوبانگی WannaCryـە کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی بەکارهێنەر نەتوانێت پێکهاتە و پەڕگەکانی نێو کۆمپیوتەرەکەی بەکاربهێنێت و لە بەرامبەریشدا دەبێت بڕێک پارە بدات هەتاوەکو بەکارهێنەر ڕزگاری ببێت، لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە دەدەین کۆمپانیای ئاساییشی DeepInstinct بەرپرسە لە فرۆشتنی ئاشکرا بۆ لاپتۆپی The Persistence of Chaos و بێگومان ئەگەریش هەیە نرخی لاپتۆپەکە لە 1.2 ملیۆنەوە تا ڕادەیەک زیاد بکات.

چەند وێنەیەکی لاپتۆپی The Persistence of Chaos:-

بۆچونی تۆ