10
ئای ئۆ ئێس 1, حوزه‌یران 2019 بۆچوون

ئەپڵ سنووردارکردنی داگرتنی ئەپەکانی ئەپ ستۆری لە ڕێگای ئینتەرنێتی سیمکارتەوە بۆ 200 مێگابایت زیادکرد

باوەڕ بکەیت یاخود نا، ئەپڵ تاوەکو ئێستا سوورە لەسەر سنووردارکردنی داگرتنی ئەپە قەبارە زۆرەکان لە ڕێگای ئینتەرنێتی سیمکارت لە ئەپ ستۆردا، لەو کاتەوەی کە لە iOS 11 ـەدا ئەپڵ سنووردارکردنی داگرتنی ئەپەکانی ئەپ ستۆری لە ڕێگای ئینتەرنێتی سیمکارتەوە لە 100 مێگابایتەوە کردە 150 مێگابایت.

کۆمپانیاکە سنووردارکردنی داگرتنی ئەپەکانی ئەپ ستۆری لە ڕێگای ئینتەرنێتی سیمکارتەوە لە 150 مێگابایتەوە بەرزکردەوە بۆ 200 مێگابایت، بەمەش تەنها 50 مێگابایتی لە سنووردارکردنەکە زیاد کردووە، کە چاوەڕوان دەکرا ئەپڵ بە یەکجاری سنووردارکردنەکە لاببات. بە پێی پێگەی 9to5Mac بێت، دەتوانرێت ئەپی قەبارە تاوەکو 240 مێگابایتیش دابگیرێت، بەڵام ئەگەر قەبارەی ئەپەکە بگاتە 260 مێگابایت و زیاتر، سنووردارکردنەکە ڕێگات لێ دەگرێت لە داگرتنیدا و پێویستە وایفای پەیدا بکەیت بۆ داگرتنی.

ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە لەمەودوا دەتوانیت ئەپی قەبارەی 200 تاوەکو 240 مێگابایت لە ڕێگای ئینتەرنێتی سیمکارتەوە دابگریت. ئەگەر نا، پێویستە ئینتەرنێتی وایفای پەیدا بکەیت بۆ داگرتنی ئەپە قەبارە زۆرەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە تا دێت ئەپەکان قەبارەیان زیاد دەکات و سنووردارکردنەکە زیاتر دەبێتە کێشە بۆ بەکارهێنەران. دوور نەڕۆین، ئەپی Facebook کە ئەپێکی بەربڵاوە لە ئێستادا قەبارەی تێپەڕی کردووە لە 260 مێگابایت. یارییە بەناوبانگەکانیش کەمیان هەن کە قەبارەیان لە 1 گێگابایت کەمتر بێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ