ئەپ و نەرمەکاڵا

لە دوای 18 ساڵ، ڕەنگە ئەپڵ ئەپی iTunes خانەنشین بکات و بە یەکجاری کۆتایی پێ بهێنێت

لە ڕێکەوتی 9 ـی 1 ـی ساڵی 2001، کە دەکاتە 18 ساڵ لەمەوبەر، ستیڤ جۆبس سەرۆکی پێشووی ئەپڵ بۆ یەکەمجار ئەپی iTunes ـی وەکو ئەپێکی سەرەکی سیستەمی macOS ناساند. بەڵام لە دوای 18 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تەمەنیدا، ڕەنگە ئەمساڵ ئەپڵ بە یەکجاری کۆتایی بە ئەپەکە بهێنێت.

پێشووتر ڕامانگەیاند کە ڕەنگە ئەپڵ لەگەڵ ڕاگەیاندنی وەشانی نوێی macOS 10.15 ـەدا، کۆتایی بە ئەپی iTunes بهێنێت. بەڵام ئێستا پێشبینییەکان چڕتر بوونەتەوە. لەو کاتەوەی کە پێگەی Bloomberg ـیش ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژی دووشەممە و لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی WWDC 19 ـەدا، ئەپڵ بە یەکجاری کۆتایی بە ئەپی iTunes بهێنێت و چیدیکە وەکو ئەپێکی سەرەکی پشتی پێ نەبەستێت.

هۆکاری سەرەکی کۆتایی پێهێنانی ئەپەکە لە لایەن ئەپڵەوە، بۆ کردنە ئەپی هەریەکە لە بەشەکانی Music و Podcasts و Books و TV ـی نێو ئەپی iTunes دێن، هەروەک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وێنەی ڕووکاری ئەپە نوێیەکانی Music و TV لە وەشانی macOS 10.15 ـەدا دزەیان پێکرا.

سەبارەت بە ئەنجامدانی کردارەکانی پاشەکەوتکردن و بەتاڵکردنەوە و چەند کردارێکی پەیوەندیدار بە سیستەمی ئامێرەکانی iOS لە دوای کۆتایی پێهێنانی iTunes، پێشبینی دەکرێت ئەرکەکان بسپێردرێن بە ئەپی Music و لەمەودوا ئەو ئەپە ئەرکەکانی iTunes ئەنجام بدات.

تاوەکو ئێستا چارەنووسی کۆگای iTunes نادیارە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت ئەپڵ وەها بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو کۆگایە ببێت و کۆگایەکی دیکە بکاتە جێگرەوەی.

وا بڕیارە کۆنگرەی WWDC 19 لە ڕێکەوتی 3 ـی مانگی 6 ـدا لە هۆڵی McEnery ـی شاری سان خۆسێی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، هەروەها 5 ڕۆژ دەخایەنێت و تاوەکو 7 ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.

لە ڕێکەوتی ئاماژە پێکراودا، کەی ئای تی ئێن لەگەڵتان دەبێت بۆ گواستنەوەی کۆنگرەکە، لەگەڵمان بمێننەوە و ئاگاداری دواین بڵاوکراوەکانمان ببن سەبارەت بە کۆنگرەکە. هەروەها دەتوانیت لەم ڕێگایانەوە ئاگاداری کۆنگرەکە ببیت:

سەرچاوە :

1 حوزه‌یران، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
586