ئەپڵ

وێنەی ئەپە نوێیەکانی Music و TV ـی وەشانی نوێی macOS 10.15 دزەیان پێکرا

چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە بۆ دەستپێکردنی کۆنگرەی جیهانی گەشەپێدەران (WWDC 19)، کە پێشبینی دەکرێت لە کۆنگرەکەدا وەشانە نوێیەکانی هەریەکە لە سیستەمەکانی iOS 13 و macOS 10.15 و watchOS 6 و tvOS 13 ڕابگەیەندرێن. 2 ڕۆژ پێش ئێستاش چەند وێنەیەکی دزەپێکراوی چەند بەشێکی نێو وەشانی iOS 13 دزەیان پێکرا. دوێنێش، وێنەی چەند ئەپێکی نوێی وەشانی macOS 10.15 دزەیان پێکرا.

پێگەی 9to5Mac چەند وێنەیەکی نێو ئەپە نوێیەکانی Music و TV ـی لە وەشانی نوێی macOS 10.15 بە دەست گەیشتووە، پێشووتر ڕامانگەیاند ئەپی Music و چەند ئەپێکی دیکە لە وەشانی macOS 10.15 ڕادەگەیەندرێت.

هەروەک لە وێنەکەی خوارەوەدا دیارە، ئەپی نوێی Music خاوەن دیزاینێکی سادە و بنچینەکراو لەسەر iTunes دەبێت، لە بەشی چەپدا سڵایدێک هەیە کە بەشە گرنگەکان لە خۆ دەگرێت. لە بەشی سەرەوەشدا، کۆنتڕۆڵ و چەند ئامرازێکی دیکە بوونیان هەیە.

ڕووکاری ئەپی TV ـیش بە هەمان شێوەی ڕووکاری ئەپی Music ـە، لە بەشی چەپدا سڵایدێک هەیە و چەند بەشێکی گرنگ لە خۆ دەگرێت. لە بەشی سەرەوەشدا، هەر یەکە لە دوگمەکانی Watch Now و Movies TV Shows و Kids و Library بوونیان هەن.

کۆنگرەی WWDC 19 لە ڕێکەوتی 3 ـی مانگی 6 ـدا لە هۆڵی McEnery ـی شاری سان خۆسێی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا بەڕێوە دەچێت، هەروەها 5 ڕۆژ دەخایەنێت و تاوەکو 7 ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەکەدا وەشانی نوێی هەریەکە لە سیستەمەکانی iOS 13 و macOS 10.15 و watchOS 6 و tvOS 13 ڕابگەیەندرێن.

تێبینی:

وێنە دزەپێکراوەکان لە لایەن پێگەی 9to5Mac بڵاوکراونەتەوە، کە پێگەیەکی تەواو جێگای متمانەیە. بەڵام لە هەر ئەگەرێکدا و ئەگەر زانیارییەکانی سەرەوە ناڕاست دەرچوون یاخود ڕوویان نەدا، ئێمە بەرپرسیار نین.

سەرچاوە :
30 ئایار، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
822