سامسۆنگ

تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Galaxy M40 دزەیان پێکرا

بڕیار وایە کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلی Galaxy M40 کە نوێترین مۆبایلی زنجیرەی Mـە بە فەرمی لە بەرواری 11/6/2019 ڕابگەیەنێت، هەروەها بۆ ئەوەی مۆبایلەکە دەنگدانەوەی زیاتر بێت کۆمپانیای سامسۆنگ چەند ڕیکلامێکی فەرمی مۆبایلەکەی بڵاوکردەوە و لە ماوەی ڕابردووشدا سەرجەم تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە دزەیان پێکرا.

بە پێی نوێترین زانیارییەکان مۆبایلەکە لە هیند ڕادەگەیەنرێت بە نرخێکی کەمتر لە 20 هەزار ڕوبیە واتە نزیکی 287 دۆلار، سەبارەت بە تایبەتمەندییەکان ئەوا Galaxy M40 لە ڕووکاری پێشەوە خاوەنی ڕوونمایەک دەبێت لە جۆری IPS LCD و خاوەنی هیچ نۆچێک نابێت بەڵکو هەڵگری چاڵێک دەبێت لە ڕوونماکە و تیایدا کامێرای پێشەوەی مۆبایلەکە جێگیرکراوە.

لە ڕووکاری پشتەوەش خاوەنی سێ کامێرا دەبێت بە ڕوونی 32+8+5 مێگاپێکسڵ و لە تەنیشتیدا وەک لە وێنەکە تێبینی دەکرێت هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما جێگیرکراوە. لە بارەی پاتری مۆبایلەکەوە دەوترا توانستی 5000 ملی ئەمپێر دەبێت بەڵام وا دیارە 3.500 ملی ئەمپێر دەبێت بە پێی کۆتا زانیارییەکان.

گرنگترین تایبەتمەندییەکان:

  • ڕوونما: لە جۆری IPS LCD و بە قەبارەی 6.3 ئینج و بە ڕوونی 1080×2340 پێکسڵ
  • پڕۆسێسەر: Snapdragon 675
  • پڕۆسێسەری گرافیک: Adreno 612
  • سیستمی وەگەڕخەر: ئەندرۆید پای 9.0 بە ڕووکاری One UI
  • کامێرای پێشەوە: 16 مێگاپێکسڵ
  • کامێرای پشتەوە: سێ کامێرا بە ڕوونی 32+8+5 مێگاپێکسڵ
  • ڕام: 4 یان 6 گێگابایت
  • بیرگە: 64 یان 128 گێگابایت و دەتوانرێت زیاد بکرێت لە ڕێگای بیرگەی دەرەکی microSDـەوە هەتاوەکو 1 تێرابایت
  • توانستی پاتری: 3,500 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی خێرا دەکات بە خێرایی 15 وات
  • ڕەنگ: ڕەش و شین
  • نرخ: 287 دۆلار
  • بەرواری بەردەستبوون: 11/6/2019 لە هیند

سەرچاوە:-

  • GSM Arena
  • Electrony

2 حوزه‌یران، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
891