گەرمترین 14, حوزه‌یران 2019

بە فەرمی هواوەی ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی چەماوەیی Mate X ـی دواخست

لە دوای ئەوەی لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا کۆمپانیای هواوەی مۆبایلی چەماوەیی هواوەی Mate X ـی نمایشکرد، وا بڕیار بوو لە ئەم مانگەدا هواوەی مۆبایلە چەماوەکە بەردەست بکات. بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، کۆمپانیاکە ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلەکەی بۆ چەند مانگێکی زیاتر دواخست.

لە چاوپێکەوتنی وتەبێژێکی کۆمپانیای هواوەیدا بۆ هەر یەکە لە پێگەکانی CNBC و The Wall Street Journal، ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیاکە تاوەکو مانگی 9 ـی ئەمساڵ مۆبایلی چەماوەیی هواوەی Mate X بەردەست ناکات.

هۆکاری دواخستنی ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلە چەماوەییەکە لە لایەن هواوەییە ئاشکرا کراوە و بە هۆی باشترکردنی جۆرایەتی ڕوونما بووە. هەروەها وتەبێژەکەی هواوەی ڕایگەیاندووە:

نامانەوێت بەرهەمێک بەردەست بکەین کە کاردانەوەی هەبێت لەسەر ناوبانگمان. چەند تاقیکردنەوەیەکی زۆر لەسەر مۆبایلەکە دەکەین و هێندەی لە تواناماندا بێت بە زووترین کات مۆبایلە چەماوەییەکە بەردەست دەکەین.

بە پێی لێدوانەکانی وتەبێژەکەی کۆمپانیاکە بێت، وا دیارە هەندێک کێشەی بچووک لە ڕوونمای مۆبایلە چەماوەکەدا هەیە یاخود وەک خۆی دەڵێت دەیانەوێت جۆرایەتییەکەی باشتر بکەن. بەڵام چەند پێگەیەک وا پێشبینی دەکەن کە دواخستنی بەردەستکردنی مۆبایلەکە بە هۆی ئەوەوە بێت کە هواوەی نایەوێت بە سیستەمی ئەندرۆید بەردەستی بکات، بەڵکو دەیەوێت بە سیستەمە نوێیەکەی “Hongmeng OS” بەردەستی بکات.

ئەم دواخستنە چاوەڕوان نەکراوەی مۆبایلی هواوەی Mate X لە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر دواخستنی ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی Galaxy Fold ـی سامسۆنگەوە بوو بە هۆی هەبوونی کێشە لە ڕوونماکەیدا.

مۆبایلی هواوەی Mate X لە مانگی 2 ـی ئەمساڵدا نمایشکرا بە خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 8 ئینج لە جۆری OLED و خاوەن ڕامێکی 8 گێگابایت و بیرگەی 512 گێگابایت و نرخی دەستپێکی 2,600$ ـەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ