ئۆتۆمبێل

سەرجەم ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی Toyota خاوەن تایبەتمەندی کوژێنەرەوەی خودکاری بزوێنەر و وەستێنەری خودکار دەبن

کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل ڕایگەیاند کە سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی ساڵی داهاتووی (2020) خاوەن 2 تایبەتمەندی سەلامەتی دەبن. ئەوانیش تایبەتمەندییەکانی کوژێنەرەوەی خودکاری بزوێنەر و وەستێنەری خودکارن.

تایبەتمەندی کوژێنەرەوەی خودکاری بزوێنەر (Automatic Engine Shut Off) لە سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی ساڵی داهاتووی تۆیۆتادا بوونی دەبێت. تایبەتمەندییەکە خودکارانە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە دەکوژێنێتەوە لە دوای ماوەی چەند خولەکێک. هەروەها تایبەتمەندییەکە بە شێوەی بینراو و ئاگادارکەرەوەی دەنگی لەسەر سیستەمی کلیلی زیرەک (Smart Key System) بوونی دەبێت.

تایبەتمەندییەکە بۆ ئەو کاتانە بە سوودە کە بۆ ماوەیەکی کورت ئۆتۆمبێلەکەت بە جێ دەهێڵیت و دەچیتە مارکێتێک یاخود شوێنێکی لەو چەشنە بە بێ بەجێهێشتنی کلیل بە ئۆتۆمبێلەکەوە. بەمەش تایبەتمەندی کوژێنەرەوەی خودکاری بزوێنەر دەست بەجێ بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکەت بۆ دەکوژێنێتەوە.

تایبەتمەندی دووەم کە لە سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی ساڵی داهاتووی کۆمپانیاکەدا بوونی دەبێت، تایبەتمەندی وەستێنەری خودکار (Automatic Park) ـە. تایبەتمەندییەکە بە شێوەیەکی خودکار ئۆتۆمبێلەکەت بۆ دەباتە شوێنی تایبەتی وەستان لە گەراج و شوێنە گشتییەکاندا. تۆیۆتا ئاماژەشی بەوەدا کە ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلەکانی لە پێشوودا خاوەن وریاکەرەوەی بینراو و دەنگی بوون لە گێڕی P بە مەبەستی کەمکردنەوەی سەر لێشێواندن. ئەم تایبەتمەندییەش هەنگاوێک بەرەو پێش دەچێت.

سەرچاوە :

15 حوزه‌یران، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
708