10
ئۆتۆمبێل 20, حوزه‌یران 2019 بۆچوون

تێسلا خزمەتگوزاری Tesla Arcade ـی ڕاگەیاند؛ یارییە ڤیدیۆییەکان بە شێوەیەکی جیاواز لە نێو ئۆتۆمبێلەکەت ئەنجام بدە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە کۆنگرەی E3 ـدا، کۆمپانیای Tesla تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و خۆ لێخوڕەکان، خزمەتگوزاری Tesla Arcade ـی ڕاگەیاند کە تایبەتە بە یاریکردن لە نێو ئۆتۆمبێلەکان. کۆمپانیاکە یەکەمین نموونەی لە خزمەتگوزارییەکە بڵاوکردەوە.

کۆمپانیای تێسلا بۆنەیەکی تایبەتی لە شاری سان فڕانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا ڕێکخست و ڕۆژنامەنووسانی بانگهێشت کرد بۆ یەکەمین تاقیکردنەوەی خزمەتگوزارییەکە. خزمەتگوزاری Tesla Arcade ڕێگەت پێ دەدات یارییە ڤیدیۆییەکان لە نێو ئۆتۆمبێلە تێسلاکەتدا ئەنجام بدەیت لە ڕێگەی سووکانی ئۆتۆمبێلەکەوە. لە سەرەتادا خزمەتگوزارییەکە تەنها یاری Beach Buggy Racing 2 لەخۆ دەگرێت، هەمان ئەو یارییەی کە لە سەکۆیەکانی iOS و Android ـدا بەردەستە، بەڵام بە کەمێک دەستکارییەوە.

https://twitter.com/Tesla/status/1141041018835353600

مەبەست لە درووستکردنی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییە لە لایەن کۆمپانیاکەوە، بۆ خۆشی بەخشینە بە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلەکانی تێسلا لەو کاتانەدا کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکانیان چاوەڕوانن یاخود لە وێستگەی بارگاویکردنەوە وەستاون. ئەوەی جێگای ئاماژە پێدانە، یارییەکانی خزمەتگوزارییەکە لە ڕێگەی سووکانی ئۆتۆمبێلەکەوە ئەنجام دەدرێن.

لە ئێستاوە خزمەتگوزارییەکە بەردەستە بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی تێسلا و دەتوانن لە ڕێگای نوێکاری سیستەمی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە بەدەستی بخەن.

ئەمە ڤیدیۆی تاقیکردنەوەی خزمەتگوزارییەکە لە لایەن پێگەی The Verge ـەوە:

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ