هەواڵ
21, حوزهیران 2019
هواوەی نوێکارییەکی ڕەوانەی مۆبایلی Huawei P30 Pro کرد و کۆمەڵێک کێشەی لە مۆبایلەکەدا چارەسەرکرد

هەرچەندە داهاتووی مۆبایلەکانی هواوەی لە ڕووی نوێکارییەوە دیار نییە بە هۆکاری جەنگی بازرگانی نێوان حکومەتی ئەمریکی و چین، بەڵام کۆمپانیای هواوەی لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیداوە نوێکاری بچوک بەردەست بکات بۆ مۆبایلەکانی و بە تایبەتیش مۆبایلە ئاست بەرزەکانی.
نوێکاری ئەم جارەش بۆ مۆبایلی Huawei P30 Proـە و تیایدا هەڵدەستێت بە چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە و باشترکردن و جێگیرکردنی سیستمی مۆبایلەکە، لە نوێکارییەکەدا تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ مۆبایلەکە زیادکراوە بە ناوی DC Dimming، ئەم تایبەتمەندییە لە زۆرینەی مۆبایلەکانی ئێستادا بوونی هەیە و یاریدەدەرێکی باشە لە کەمکردنەوەی زیان بۆ بەکارهێنەر لە کاتی کارپێکردنی مۆبایل لە شەواندا.
لەگەڵ ئەمەشدا وەڵامدانەوەی تەکنیکی بلوتوس باشترکراوە و بەمەش بەکارهێنەران دەتوانن دەنگێکی جۆرایەتی بەرزتر بە دەست بهێنن و ڕووبەڕووی دواکەوتنی دەنگ نەبنەوە لە کاتی بەکارهێنانی بیستۆکە بێ وایەرەکاندا، هەروەها بە بەراورد بە پێشوو جۆرایەتی وێنەش باشترکراوە و ڕەنگەکان زیاتر سروشتی و ڕاستەقینە کراون.
جێگای ئاماژە پێدانیشە تایبەتمەندییەکی دیکەش بۆ مۆبایلەکە بەردەستکراوە تیایدا بەکارهێنەر دەتوانێت ڕووخسارێکی دیکەش بێجگە لە ڕووخساری خۆی زیاد بکات هەتاوەکو بتوانرێت لە ڕێگای تایبەتمەندی ناسەرەوەی ڕووخسارەوە و بەو ڕووخسارەی دیکەش مۆبایلەکە بکرێتەوە.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.