مایکرۆسۆفت

مایکرۆسۆفت بە شێوەیەکی چڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتۆتە ناساندنی وەشانی 1.0 ـی سیستەمی Windows

لە سەرەتای ئەم مانگەوە، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بە شێوەیەکی چڕ لە هەژمارە فەرمییەکانی Windows لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستی کردووە بە ناساندنی یەکەمین وەشانی Windows بە ناوی Windows 1.0 ـەوە.

دەستپێکردنی ئەم ناساندنەی Windows 1.0 لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە، لە جریوەیەکدا لە تویتەر دەستی پێکرد، کاتێک کۆمپانیاکە بەم شێوەیە لە جریوەکەدا ڕایگەیاندبوو؛ ڕاگەیاندنی Windows 1.0 ـی نوێ لەگەڵ ئەپی جێبەجێکاری MS-Dos و کاتژمێر و زیاتر.

https://twitter.com/Windows/status/1145731141695168512

جریوەکەی سەرەوە پێک دێت لە ڤیدیۆیەکیش کە وێنۆچکەی Windows 10 و زۆرینەی وەشانەکانی دیکەی Windows تاوەکو Windows 1.0 بەدیار دەخات.

کۆمپانیاکە تاوەکو 2 ڕۆژ لەمەوبەر بەردەوام بوو لە ناساندنی Windows 1.0 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەنانەت وێنە و بەرگی هەژماری فەرمی Windows لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕاوە بۆ وێنۆچکەی Windows 1.0. هەروەها کۆمپانیاکە سەرجەم بڵاوکراوەکانی لە هەژماری فەرمی Windows لە ئینستەگرام لابردووە و تەنها ڤیدیۆی ناساندنەکانی Windows 1.0 ـی هێشتۆتەوە.

وەشانی Windows 1.0 لە ساڵی 1985 ـەوە ڕاگەیەندراوە و تەمەنی نزیک دەبێتەوە لە 34 ساڵ. بە دڵنیاییەوە ناساندنەکان لەبەر ساڵیادی ڕاگەیاندنی سیستەمەکە نین، چونکە هێشتا چەند مانگێکی ماوە تاوەکو تەمەنی ببێتە 34 ساڵ. بیرکردنەوەی جیاواز لەسەر ئەم ناساندنانەی مایکرۆسۆفت هەیە بۆ سیستەمەکە، ئەویش ئەوەیە کە ڕەنگە مایکرۆسۆفت وەشانی Windows 1.0 بکاتە سەرچاوە کراوە، یاخود وەکو ئەپێک لە کۆگای Microsoft ـدا بەردەستی بکات. بۆ نا؟

یەکێک لە هۆکارەکانی ناساندنی وەشانەکە لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاگەیاندنی وەرزی سێیەمی زنجیرە درامای Stranger Things لە لایەن تۆڕی Netflix لە 2 ڕۆژی ڕابردوودا. چونکە چیرۆکی دراماکە باس لە ساڵی 1985 دەکات، هەمان ساڵی ڕاگەیاندنی وەشانی Windows 1.0. مایکرۆسۆفت ڤیدیۆی کۆمپیوتەرێکی بڵاوکردۆتەوە کە بە Windows 1.0 کار دەکات، هەروەها وێنۆچکەی تۆڕی Netflix لەسەر ڕوونمای کۆمپیوتەرەکە بەدیار دەکەوێت، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ درامای Stranger Things.

بەڵام ئەوەی سەیرە سەبارەت بە پەیوەندی ناساندنەکانی Windows 1.0 بە درامای Stranger Things ـەوە، خودی خۆم وەرزە نوێیەکەی دراماکەم بینی، تەنانەت لە هیچ دیمەنێکدا کۆمپیوتەری کارکردوو بە Windows 1.0 یاخود ناوی مایکرۆسۆفتم لە دراماکەدا بەدی نەکرد!

وا دیارە مایکرۆسۆفت دەیەوێت بە شتێک دەربارەی Windows 1.0 سەرساممان بکات، ئەویش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەر دەکەوێت کە ئەو شتە چی دەبێت.

6 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
947