ئاسایشی ئەلیکترۆنی

مایکرۆسۆفت دەیەوێت چیدیکە بژاردەی ئاسایشی تێپەڕەوشە (Password) بەکارنەهێندرێت بۆ داخڵبوون لە Windows 10

ماوەی چەند ساڵێکە مایکرۆسۆفت بژاردەی ئاسایشی Windows Hello ـی ڕاگەیاندووە کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات تاوەکو کۆمپیوتەرەکانیان بە ناسینەوەی دەمووچاویان بکەنەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستە، کۆمپانیاکە دەیەوێت ئەم بژاردەیە بکاتە بژاردەیەکی سەرەکی و چیدیکە پشت بە تێپەڕەوشە (Password) نەبەستدرێت بۆ داخڵبوون لە Windows 10.

لە وەشانی نوێی Windows 10 لە ساڵی داهاتوودا، مایکرۆسۆفت ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات داخڵی Windows 10 یاخود هەژماری Microsoft ـەکەیان ببن بە بێ بەکارهێنانی تێپەڕەوشە و بە بەکارهێنانی ناسێنەرەوەی دەمووچاو (Windows Hello)، بژاردەی PIN یاخود هەستەوەری پەنجەمۆر.

بەکارهێنانی تێپەڕەوشە بە ڕێگەیەکی ناپارێزراو لە ئێستادا هەژمار دەکرێت، چونکە زۆرینەی بەکارهێنەران هەمان تێپەڕەوشە بۆ زۆربەی ئامێر و هەژمارەکانیان بەکاردەهێنن، ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ تێکشکاندنی ئاسایشی ئامێر یاخود هەژمارەکەت لەو کاتانەی کە تێپەڕەوشەکەت دزەی پێ دەکرێت.

مایکرۆسۆفت لەو بڕوایەدایە کە بەکارهێنانی بژاردەی ئاسایشی PIN زیاتر پارێزراوترە لە تێپەڕەوشە، لە کاتێکدا کە PIN پێکدێت لە 4 ژمارە، هۆکاری بڕوابوون بەو پارێزراوییەی PIN ئەوەیە کە بە ئەستەم ژمارەکانی PIN دزە دەکەنە نێو ڕاژە سەرهێڵەکان، هەر بۆیە ئەگەری دزەپێکردنی کەمترە.

ئەگەر هەمان هەنگاو لە داهاتوودا لە لایەن گووگڵ و ئەپڵ و کۆمپانیاکانی دیکەوە جێبەجێ بکرێت، کێشەی لە یاد کردن و دووبارە بەکارهێنانی تێپەڕەوشەکان بۆ هەژمار و ئامێرە جیاوازەکان و دزەپێکردنیان بوونیان نامێنن.

سەرچاوە :
12 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
828