ئامێرە هەمەجۆرەکان 12, ته‌مموز 2019

وەنپڵەس نزیکە لە ڕاگەیاندنی یەکەمین تەلەفزیۆنی خۆی بە ناوی OnePlus TV

وەنپڵەس کار لەسەر گەورەترین پڕۆژەی خۆی دەکات، ئەویش بەرهەمهێنانی یەکەمین تەلەفزیۆنی خۆیەتی. لە ڕاستیدا، ئەمە شاراوە نییە، چونکە لە پێشوودا بەڕێز Pete Lau بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە پشتڕاستی کردبووەوە کە وەنپڵەس کار لەسەر بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆن دەکات. بەڵام ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر دڵنیایی درا بە ڕاگەیاندنی تەلەفزیۆنی OnePlus TV لە لایەن وەنپڵەسەوە.

دوێنێ بە فەرمی تەلەفزیۆنەکەی وەنپڵەس بڕوانامەی Bluetooth ـی وەرگرت لە لایەن کۆمەڵەی Bluetooth SIG ـەوە. هەروەها ئاشکرابوو کە ئامێرەکە خاوەن وەشانی 4.2 ـی Bluetooth دەبێت و ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەیوەستکردنی هەر ئامێرێکی پێویست لە ڕێگەی Bluetooth ـەوە بە تەلەفزیۆنەکە.

دەربارەی تەلەفزیۆنەکەی وەنپڵەس، تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەکی زیاتر لەبەردەستتدا نییە. بەڵام بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکانی پێشووتری بەڕێوەبەرەکەی وەنپڵەس، کۆمپانیاکە دەیەوێت ژیری دەستکرد و کۆنتڕۆڵکردنی دەنگ لە تەلەفزیۆنەکەدا بەکاربهێنێت.

پڕوپاگەندەکانی پێشووتر دەیانگوت کە تەلەفزیۆنەکەی وەنپڵەس خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 55 ئینج تاوەکو 65 ئینج دەبێت بە ڕوونی 4K HDR، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت تەلەفزیۆنەکە خاوەن یاریدەدەرە دەنگییەکانی Google Assistant و Amazon Alexa ببێت.

پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا وەنپڵەس یەکەمین تەلەفزیۆنی خۆی ڕابگەیەنێت، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتادا تەلەفزیۆنەکە لە بازاڕەکانی وڵاتی هیندستان و چیندا بەردەست بکرێت، لە پاشان لە بازاڕی وڵاتانی دیکەدا بەردەست بکرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ