10
هەواڵ 12, ته‌مموز 2019 بۆچوون

لە ئەم مانگەدا هواوەی یەکەمین مۆبایلی پشتگیر لە 5G ـی خۆی بەردەست دەکات

لە پێشوودا هواوەی مۆبایلی Mate 20 X 5G ـی ڕاگەیاندبوو، بەڵام ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلەکە بە نادیاری مابووەوە. لە کۆتایدا، ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلەکە ئاشکرا کرا. ئەمەش سەرەڕای نادیاری چارەنووسی کۆمپانیاکە لەگەڵ سیستەمی ئەندرۆیددا.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Global Times بێت، لە ڕێکەوتی 26 ـی ئەم مانگە مۆبایلی هواوەی Mate 20 X 5G لە بازاڕەکانی وڵاتی چیندا بەردەست دەکرێت بۆ کڕین. پێگەی VentureBeat تێبینی ئەوەی کردووە کە لە ئێستادا مۆبایلەکە بەردەستە بۆ کڕین بە شێوازی داواکاری پێشوەختە لە پێگەی Amazon ـی ئیتاڵیا و لە ڕێکەوتی 22 ـیش لە ئیتاڵیا بەردەست دەکرێت، هەروەها وا بڕیارە ئەمڕۆ مۆبایلەکە لە وڵاتی ئیماڕات بەردەست دەکرێت بۆ کڕین.

مۆبایلی هواوەی Mate 20 X 5G لە ڕووی دیزاین و تایبەتمەندییەوە هاوشێوەی مۆبایلی هواوەی Mate 20 X ـە. بە شێوەیەک، خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 7.2 ئینج و 3 کامێرایە لە پشتەوە. بەڵام ئەوەی ئەم مۆبایلە جیا دەکاتەوە لە مۆبایلی هواوەی Mate 20، ئەوەیە کە خاوەن پاترییەکی 5,000 ملی ئەمپێر و ڕامێکە بە فراوانی 8 گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی 256 گێگابایت.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەی G20 ـی ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەمریکا سزاکان لەسەر هواوەی لادەبات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمریکا سزاکانی لەسەر کۆمپانیا چینییەکە لانەداوە و چارەنووسی کۆمپانیاکە بە نادیاری ماوەتەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ