مۆبایل و تابلێت
15, تهمموز 2019
بە وتەی شیکەرەوەیەک، فرۆشی مۆبایلەکانی Huawei لەمساڵدا پێشبینییەکان تێدەپەڕێنێت

ساڵی پار هواوەی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا توانی زیاد لە ٢٠٠ ملیۆن مۆبایلی زیرەک بفرۆشێت و ئێجگار نزیکبوو لە بردنی پلەی دووەمی جیهان لە ئەپڵ، هەرچەندە لە چارەکەکانی دووەم و سێیەمی ساڵەکەدا پێش ئەپڵ کەوتەوە بەڵام بە کۆی ساڵەکە بە بڕێکی زۆر کەم لە دوایەوەبوو.
پێمان نایە ٢٠١٩ و هەموو پێشبینییەکان بەو ئاڕاستەیەدابوون کە هواوەی بە ئاسانی ئەپڵ تێدەپەڕێنێت و فرۆشی ئەمساڵی دەگاتە ٢٥٠ ملیۆن، ئەوەبوو چارەکی یەکەمی ئەمساڵ تێپەڕی و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا هواوەی توانی لە چارەکی یەکەمی ساڵێکدا پێش ئەپڵ بکەوێتەوە، بەڵام دواتر و لە مانگی ٥ بە دواوە کێشە کەوتە نێوان هواوەی و حوکمەتی ئەمریکا و بەربەست هاتە بەردەم کۆمپانیا چینییەکە.

ئێستا دۆخەکە هێور بووەتەوە تا ڕاددەیەک و بەپێی وتەکانی شیکەرەوە Guo Minghao هواوەی نەک هەر دەگاتە ٢٥٠ ملیۆن وەک لە سەرەتای ساڵدا پێشبینی دەکرا، بەڵکوو ئەوەش تێدەپەرێنێت و دەگاتە ٢٦٠ ملیۆن مۆبایلی زیرەک!
بەو ژمارە بەرزەش هواوەی دەچێتە کێبڕکێوە لەگەڵ سامسۆنگدا لەسەر لوتکەی بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان لە جیهاندا.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.