ئاسایشی ئەلیکترۆنی

پێگەی The Guardian: بەڵێندەرانی ئەپڵ توانای گوێبیستبوونی گفتوگۆ تۆمارکراوەکانی Siri ـیان هەیە

بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی پێگەی The Guardian، ئەپڵ توانای تۆمارکردن و گوێبیستبوونی ئەو گفتوگۆیانەی هەیە کە بەکارهێنەران لە ڕێگەی یاریدەدەری دەنگی Siri ـیەوە ئەنجامیان دەدەن.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، بەڵێندەرێکی پێشووی کۆمپانیای ئەپڵ بە پێگەکەی ڕاگەیاندووە کە لە ماوەی کارکردنیدا تۆمارکراوەکانی Siri نێردرابوون بۆ کارمەندانی ئەپڵ تاوەکو گوێبیستیان ببن لەبەر هۆکارگەلێک. ئەو دەنگانەی کە Siri تۆماری کردبوون و کارمەندانی ئەپڵ دەیانویست گوێبیستیان ببن، هەر یەکە لە چالاکییەکانی مامەڵەی مادەی هۆشبەر، وردەکاری پزیشکی و ئەنجامدانی سێکس و زیاتر بوون لە لایەن بەکارهێنەرانەوە.

ئەپڵ لە پەڕەی ئاسایشی تایبەت بە Siri بە تەواوی ئاماژەی بەوە نەکردووە کە مرۆڤ(کارمەندەکان) توانای گوێبیستبوونی گفتوگۆ تۆمارکراوەکانی یاریدەدەرە دەنگییەکەیانی هەیە یاخود نا، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە بە مەبەستی ناسینەوەی شێوازی زارەکیت، یاریدەدەرە دەنگییەکە هەر یەکە لە زانیارییەکانی ناو، ژمارە تەلەفۆنەکان، ئەو میوزیکانەی کە گوێبیستیان دەبیت و گەڕانەکانت دەنێرێت بۆ ڕاژەکانی ئەپڵ بە شێوەی بەکۆد کراو.

هەر بە پێی پێگەکە، ئەپڵ ئاشکرای کردووە کە ژمارەیەکی زۆر کەم لە گفتوگۆ تۆمارکراوەکانی Siri شی دەکاتەوە بە مەبەستی پەرەپێدان و باشترکردنی ڕێنووسی خزمەتگوزارییەکە، بە شێوەیەک کە تێکڕای شیکردنەوەی گفتوگۆ تۆمارکراوەکانی ڕۆژانەی Siri ـی بەکارهێنەران کەمترە لە 1%.

لە ڕاستیدا، کارمەندانی ئەمەزۆن و گووگڵیش توانای گوێبیستوونی گفتوگۆ تۆمارکراوەکانی هەریەکە لە یاریدەدەرە دەنگییەکانی Amazon Alexa و Google Assistant ـیان هەن، بەڵام The Guardian دەڵێت کە هەردوو کۆمپانیاکە ڕێگە بە بەکارهێنەرانیان دەدەن کە توانای تۆمارنەکردنی گفتوگۆکانیان هەبێت. بەڵام ئەپڵ بژاردەی لەو شێوەیەی بۆ بەکارهێنەرانی فەراهەم نەکردووە.

ئامۆژگاری: بۆ پارێزراوی زیاتری چالاکییەکانی ڕۆژانەت، بە وریاییەوە یاریدەدەرە دەنگییەکان بەکاربهێنە. بەڵام لە بیرت بێت، کاتێک ڕەزامەند دەبیت بە بەکارهێنانی بەرهەمی لەو چەشنە، پارێزراوی زیاترت بۆ دابین دەکرێت وەک لەوەی بیری لێ دەکەیتەوە.

سەرچاوە :
29 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
828