10
سامسۆنگ 31, ته‌مموز 2019 بۆچوون

تابلێتی Galaxy Tab S6 بە پڕۆسێسەری سناپدراگۆنی 855 و پێنوسێکی باشتر و نرخی 649 دۆلارەوە ڕاگەیاندرا

بێگومان زۆربەمان دەمێکە گوتوومانە بازاڕی تابلێتی ئەندرۆیدە ئاست بەرزەکان مردووە و تەواو سستی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لە ڕاستیدا سامسۆنگ باوەڕی بەوە نییە. لە دوای ئەوەی سامسۆنگ ساڵی پار گالەکسی تاب ئێس ٤ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ ژمارەیەک دەپەڕێنێت و ڕاستەوخۆ Galaxy Tab S6ی نمایشکرد. لەگەڵ ئەم نەوەیەی گالەکسی تاب، سامسۆنگ بەڵێنی پێنوسێکی باشترکراو و ڕەقەواڵەیەکی باشتری داوە. ئەگەر پێویستیشت بە تەختەکلیل و پێوەکراوە بێت بۆ تابلێتەکەت، ئەوا سامسۆنگ تەختەکلیلێکی باشتر و بە تاچپادەوەی بۆ ئەم نەوەیە بەرهەم هێناوە.

ئەمجارە سامسۆنگ لە جیاتی ئەوەی نەوەیەک لە دواوە بێت، ئەم تابلێتەی بە نوێترین و بەرزترین تایبەتمەندییەکان بەردەست خستووە. ئەوانیش بەم شێوەیەن:

  • تابلێتەکە پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨٥٥ـی لەسەرە.
  • ڕام: ٦ یان ٨
  • بیرگەی ١٢٨ یان ٢٥٦ گێگابایت لەگەڵ بوونی دەرچەی بیرگەی دەرەکی
  • ڕوونمای ئامۆلێدە بە پانتایی ١٠.٥ ئینج و بە ڕوونی 2560×1600 پێکسڵ
  • دووانە کامێرای لەسەر پشتەوەیە بە ڕوونی ١٣+٥ میگاپێکسڵ.
  • کامێرای سێڵفی ٨ مێگاپێکسڵە.
  • پاتری ٧٠٤٠ ملی ئەمپێرە.
  • پەنجەمۆری لە ژێر ڕوونماکەیدا هەیە.

ئەم تابلێتە پێنوسی هەیە کە باشترکراوە و بارگاوی دەکرێتەوە، بە شێوەیەک بە ١٠ خولەک بارگاوی کردنەوە لە ڕێگەی پشتی تابلێتەکە بەشی ڕۆژێک بەکارهێنان دەکات. ئەم پێنوسە ڕاستەوخۆ لەگەڵ تابلێتەکە دەفرۆشرێت و بە جیا نییە، بەڵام هەرچی تەختەکلیلەکەیە بە جیا دەفرۆشرێت و لەگەڵیدا نییە. هەروەک تابلێتەکە ستاندێکی هەیە بە گوێرەی پێویستی دەتوانرێت ڕێکبخرێت، هەروەها دوگمەیەکیش بۆ DeX.

داواکاری پێشوەختە بۆ ئەم تابلێتە لە ٢٣ی ٨ـەوە بە نرخی ٦٤٩ دۆلار دەست پێدەکات، کە پێگومان نرخێکی زۆرە بۆ تابلێتێکی ئەندرۆید! تابلێتەکە لە ٦ی ٩ ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێت و هەرکەسێکیش پێش ٢٠ی ٩ بیکڕێت، ئەوا تەختەکلیلەکەی بە داشکاندنی ٥٠% دەتوانێت بکڕێت کە نرخی ١٨٠ دۆلارە و بە داشکاندنەوە دەبێتە تەنها ٩٠ دۆلار. جێگای ئاماژەیە، ئەم جۆرەیان تەنها وایفایە و سامسۆنگ پلانی وایە جۆری LTE لە کۆتایی ئەمساڵ ڕابگەیەنێت و لەوانەیە نرخی زیاتربێت.

تاگەکان GalaxyTabS6 Samsung TabS6
بۆچونی تۆ