ئەپڵ

لە مانگی داهاتووەوە بڕی 10% ـی باج بۆ سەر ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی ئەپڵ زیاد دەکرێت

لە دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە باجی هەناردەکردنی بەرهەمە ئەلکترۆنییەکان لە چینەوە بە بڕی 10% زیاد دەکات، دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئەو زیادکردنە بەرهەمەکانی ئەپڵ نەگرێتەوە. بەڵام بە فەرمی ئەو زیادکردنە ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی ئەپڵیش دەگرێتەوە.

حکومەتی ئەمریکا بە بڕیارێکی نوێ بڕی باج بە ڕێژەی 10% بۆ سەر هەر یەکە لە بەرهەمەکانی کاتژمێرە زیرەکەکان، پێوانەییە وەرزشییەکان، بڵندگۆ زیرەکەکان و بیستۆکە بێوایەرەکان زیاد دەکات کە لە وڵاتی چینەوە هەناردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێن. ئەم زیادکردنە هەریەکە لە بەرهەمەکانی AirPods و Apple Watch و HomePod ـی ئەپڵ دەگرێتەوە.

ئەم بڕیارە نوێیەی حکومەتی ئەمریکا لە ڕێکەوتی 1 ـی مانگی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. وا بڕیار بوو ئەم زیادکردنە هەر یەکە لە بەرهەمەکانی iPhone و MacBook Pro ـیش بگرێتەوە، بەڵام زیادکردنەکە بۆ ئەم دوو بەرهەمەی ئەپڵ تاوەکو ڕێکەوتی 15 ـی مانگی 10 ـی ئەمساڵ دوا دەخرێت.

چاوەڕوان دەکرێت بە زیادکردنی باجی هەناردەکردنی ئامێرەکانی ئەپڵ لە وڵاتی چینەوە بۆ ئەمریکا، ئەپڵ نرخی بەرهەمەکانی بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز بکاتەوە. لە ماوەی ڕابردووشدا پێشبینیکەری بەناوبانگ بەڕێز Ming-Chi Kuo ڕایگەیاند کە ئەپڵ لە ئەگەری زیادکردنی باجی هەناردەکردنی بەرهەمەکانیدا، پێشبینی ناکرێت نرخی هیچ کام لە ئامێرەکانی کۆمپانیاکە بەرزبوونەوە بە خۆیانەوە ببینن.

سەرچاوە :

14 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
840