ئەپڵ

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی Bloomberg ئایفۆنە نوێیەکان ئەم تایبەتمەندییانەیان دەبێت

لە ماوەی ڕابردوودا بە لێشاو دەنگۆ و دزەپێکراو و پڕوپاگەندە دەربارەی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەپڵ لەسەر پێگە تەکنەلۆژییەکان بڵاوکرانەوە و تا ئێستاش بەردەوامن. کەی ئای تی ئێنیش بەپێی گرنگی هەندێک لەو دەنگۆ و دزەپێکراوانەی بڵاوکردوونەتەوە. هەر لە میانەی ئەم بابەتەدا، ئەمڕۆ بلومبێرگ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و زانیاری زۆری لەسەر بەرهەمەکانی داهاتووی ئەپڵ بە ئایفۆنیشەوە خستووەتە ڕوو.

ئەمەی خوارەوە پوختەی زانیارییەکانە لەسەر ئایفۆنە نوێیەکان لە ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگەوە:

  • سێ مۆدێلی نوێ ڕادەگەیەندرێت. دوویان ناویان پاشگری Proـی پێوە دەبێت و دەبنە جێگرەوەی XS و XS Max. جۆری سێیەمی دەبێتە جێگرەوەی XR و دوو کامێرای دەبێت.
  • جۆرە Proـیەکان خاوەنی سێ کامێرا دەبن بە بوونی کامێرایەکی گۆشە فراوان و پشتگیری بۆ وێنەی ڕوونی بەرزتر و چوستی باشتر بۆ چرکاندنی وێنە لە ڕووناکی کەمدا، هەروەها توانای بەرزتر لە تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆیی.
  • جۆرە Proـیەکان پشتگیری لە تایبەتمەندی  Reverse Wireless Charging واتە بارگاویکردنەوەی ئامێری تر دەکەنەوە بە شێوەی وایەرلێس وەکو ئەوەی لە گالەکسی ئێس ١٠ و نۆوت ١٠ بوونی هەیە، ئەمەش سودی دەبێت بۆ بارگاوی کردنەوەی ئێیەر پۆد؛ ئەو جۆرەی کە کەیسەکەی وایەرلێسە.
  • زانیاری تری ورد بریتییە لە بوونی Face ID فرەگۆشە کە ڕێگە بە هەستکردن بە دەموچاو دەدات کاتێک کە لەلاوە سەیری بکەیت، هەروەها بەرگەگرتنی ئاوی باشتر، هەروەک جۆرێک لە تەکنەلۆژیای بەرگەگرتن بۆ بەرکەوتن لەخۆ دەگرن. هەرچەند بلومبێرگ دیاری نەکردووە کام لە مۆدێلە نوێیەکان ئەم تایبەتمەندییانەیان دەبێت. هەموو مۆدێلەکان پڕۆسێسەری A13 ـیان لەسەر دەبێت و چیپێکی Matrix بۆ زیاتر سود وەرگرتن لە Augumented Reality.
  • جگە لەوەی هەندێک ڕەنگی نوێ دەبن، ئەگەرنا مۆدێلە نوێیەکان لەگەڵ مۆدێلەکانی پار لە ڕووی دیزاینەوە جیاوازی زۆریان نابێت.
  • بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان 3D Touch لە ئایفۆنەکانی ئەمساڵ لادەبردرێت و بە سیستەمی Haptic Touchـی هاوشێوەی iPhone XR جێگەی پێ دەگیرێتەوە.
  • ئەمساڵ چاوەڕوانی iPhone 5G مەبن، چونکە ئەپڵ پلانی وایە لە ٢٠٢٠ نمایشی بکات.
  • نوێکارییەکان بۆ ئەو مۆدێلەی هاوشێوەی iPhone XR دەبێت، زۆر دیار و نوێ نابن، بەڵکو زیاتر شتی لاوەکی دەبن. وەکو: بوونی پڕۆسێسەرێکی خێراتر و دوو کامێرا و ڕەنگی سەوزی نوێ بۆ ئەم زنجیرەیە.

سەرچاوە :

22 ئاب، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1172