سامسۆنگ

وێنەی پاکەتی مۆبایلی سامسۆنگ Galaxy A90 5G دزەی پێکرا و تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکەی ئاشکرا کرد

کۆمپانیای سامسۆنگ سەرقاڵی نوێکردنەوەی مۆبایلەکانی زنجیرەی Galaxy A ـی ئەمساڵە، وا دیارە کۆمپانیاکە ئامادەکارییەکانی بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلی سامسۆنگ گالەکسی A90 5G تەواو کردووە. بۆ ئەم مەبەستەش، چەند وێنەیەکی پاکەتی مۆبایلەکە دزەی پێکران و تایبەتمەندییەکانی ئاشکرا بوو.

چەند وێنەیەکی پاکەتی مۆبایلی نوێی سامسۆنگ گالەکسی A90 5G دەست پێگەی GSMArena کەوتووە. لە بەشی پێشەوەی پاکەتەدا دیزاینی مۆبایلەکە دەردەکەوێت و ئاشکرا دەبێت کە لە پشتەوە خاوەن 3 کامێرا دەبێت و لە پێشەوەش خاوەن کامێرایەک دەبێت و لەسەر نۆچە دڵۆپەیی ڕوونماکەی جێگیر دەکرێت.

لە ڕووی پشتەوەی پاکەتی مۆبایلەکەدا، دەردەکەوێت کە مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.7 ئینج لە جۆری Super AMOLED و بە ڕوونی +Full HD. پڕۆسێسەری Snapdragon 855 ـی لەسەر جێگیر دەبێت، هەروەها خاوەن ڕامێک دەبێت بە فراوانی 6 گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی 128 گێگابایت. لەسەر پاکەتەکەی دەرنەکەوتووە کە توانستی پاترییەکەی چەند دەبێت، بەڵام دەزاندرێت کە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا بە توانای 25 وات دەکات.

ڕوونی کامێراکانی پشتەوەی مۆبایلەکە 48 و 5 و 8 مێگاپێکسڵ دەبن، هەروەها ڕوونی کامێراکەی پێشەوەی 32 مێگاپێکسڵ دەبێت. مۆبایلەکە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکات.

تاوەکو ئێستا هیچ وتەیەک لە لایەن سامسۆنگەوە بوونی نییە سەبارەت بە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە، بەڵام وا پێناچێت بەردەستکردنی ماوەیەکی زۆر بخایەنێت.

سەرچاوە :
31 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
927