رەقەکاڵا

هواوەی پڕۆسێسەری Kirin 990 ـی بە قەبارەی 7 نانۆمەتر و پشتگیر لە 5G ـییەوە ڕاگەیاند

ماوەی چەند مانگێک بوو کۆمپانیای هواوەی لە ئامادەکاریدا بوو بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆسێسەری نوێی Kirin 990، لە کۆتایدا کۆمپانیاکە پڕۆسێسەرە نوێیەکەی نمایشکرد.

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی IFA 2019 لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمپانیای هواوەی چینی پڕۆسێسەری Kirin 990 ـی بە قەبارەی 7 نانۆمەتر و پشتگیر لە 5G ـییەوە ڕاگەیاند. پڕۆسێسەرەکە لە لایەن کۆمپانیای TSMC ـەوە بەرهەمهێندراوە، هەمان ئەو کۆمپانیایەی کە پڕۆسێسەر بۆ ئایفۆنەکانی ئەپڵ بەرهەم دەهێنێت. پڕۆسێسەرە نوێیەکە بە 2 جۆری جیاواز ڕاگەیەندراون و دانەیەکیان پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکات.هەردوو جۆرەکەی پڕۆسێسەرە نوێیەکانی هواوەی خاوەن 8 یەکەی ناوەکی و گرافیکی جۆری Mali G-76 ـن، هەروەها خێراییان لە نێوان 1.86 تاوەکو 2.86 گێگاهێرتزدان. هواوەی دەڵێت پڕۆسێسەری Kirin 990 خێراترین پڕۆسێسەرە تاوەکو ئەم ساتە، هاوکات بە ڕێژەی 26% بچووکترە لە پڕۆسێسەری Snapdragon 855 ـی کوالکۆم و بە ڕێژەی 36% ـیش لە پڕۆسێسەری Exynos 9820 ـی سامسۆنگ بچووکترە.

لە ڕووی گرافیکەوە، لە پڕۆسێسەرە نوێیەکەدا هواوەی بە ڕێژەی 15% باندبەرینی DDR ـی باشتر کردووە و بە فیڕۆدانی وزەش بە ڕێژەی 12% کەمتر کراوەتەوە، هەروەها بە ڕێژەی 6% خێرایی گرافیکی لە چاو خێرایی Adreno 640 زیاترە.

پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتوودا هواوەی مۆبایلەکانی Mate 30 و Mate 30 Pro ڕابگەیەنێت، وە ببنە یەکەمین مۆبایل کە پڕۆسێسەری نوێی Kirin 990 ـیان لەسەر جێگیر بکرێن.

سەرچاوە :
7 ئه‌یلول، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
927