ئەپڵ

ئەپڵ حەوتەمین نەوەی iPad ـی بە قەبارەی 10.2 ئینج و نرخی دەستپێکی 329$ ـەوە ڕاگەیاند

بە شێوەیەکی سەرسامکەرانە و لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەکی تایبەت لە لایەن ئەپڵەوە لە ئەمشەودا، کۆمپانیا ئەمریکییەکە حەوتەمین نەوەی iPad ـی بە قەبارەی 10.2 ئینج و نرخی دەستپێکی 329$ ـەوە ڕاگەیاند.

دیزاینی نەوەی حەوتەمی iPad هاوشێوەی نەوەی پێش خۆیەتی و هیچ جیاوازییەک بەدی ناکرێت. ئایپادە نوێیەکە خاوەن ڕوونمایەکی گەورەیە بە قەبارەی 10.2 ئینج لە جۆری Retina، پڕۆسێسەری A10 Fusion ـی لەسەر جێگیرە، کە ئەمەش نایکاتە بە تواناتر لە نەوەی دووەمی iPad Pro کە پڕۆسێسەری A10X Fusion ـی لەسەر جێگیرە.

ئایپادە نوێیەکە پشتگیری لە تەختەکلیلی زیرەکی پڕاوپڕ و نەوەی یەکەمی قەڵەمی زیرەکی Apple Pencil دەکات. وە بۆ یەکەمجار، دەتوانرێت ئایپادە نوێیەکە بە ڕێژەی 100% بەکاربهێندرێتەوە و هیچ ژیانێکی بۆ ژینگە نابێت. لە پشتەوە خاوەن کامێرایەکی 8 مێگاپێکسڵ دەبێت و لە پێشەوەش خاوەن کامێرایەکی 1.2 مێگاپێکسڵ دەبێت، هەر وەک ئایپادەکانی پێشوو. خاوەن پاترییەکە کە وزەکەی بەرگەی ڕۆژێکی تەواو دەگرێت.

ئەپڵ ئاماژەی بە جۆری دەرچەی ئایپادە نوێیەکە نەکرد، بەڵام ڕەنگە وەکو نەوەکانی پێشووی خاوەن دەرچەی Lightning ببێت. بەڵام بە تەواوەتی ڕوونە کە نەوەی حەوتەمی ئایپاد خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆر دەبێت.

ئایپادە نوێیەکە خاوەن بژاردەی بیرگەکانی 32 و 128 گێگابایت دەبێت و نرخی لە 329$ ـەوە دەست پێدەکات و بۆ قوتابیان بە 299$ ـە. وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 30 ـی ئەم مانگەدا بەردەست بکرێت بۆ فرۆشتن.

سەرچاوە :
10 ئه‌یلول، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
951