ئای ئۆ ئێس
10, ئەیلوول 2019
ئەپڵ ڕێکەوتی بەردەستکردن و نرخی بەژداریکردنی مانگانەی خزمەتگوزاری Apple Arcade ـی ئاشکراکرد

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەکی تایبەت لە لایەن ئەپڵەوە لە ئەمشەودا، کۆمپانیاکە ڕێکەوتی بەردەستکردن و نرخی بەژداریکردنی مانگانەی خزمەتگوزاری Apple Arcade ـی ئاشکراکرد.
لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا، کۆمپانیای ئەپڵ خزمەتگوزاری Apple Arcade ـی تایبەت بە یاریکردن ڕاگەیاند، بەڵام ڕێکەوتی بەردەستکردن و نرخی نادیار بوون. ئەمشەو ئەپڵ ئاشکرای کرد کە خزمەتگوزاری Apple Arcade ـی تایبەت بە یاریکردن لە ڕێکەوتی 19 ـی ئەم مانگەدا بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد و ئەپڵ تیڤییەکان بەردەست دەکرێت. نرخی بەژداریکردن 4.99$ دەبێت بۆ هەر مانگێک.
خزمەتگوزاری Apple Arcade خاوەن زیاتر لە 100 یاری جۆراوجۆر دەبێت و یاری دەرهێڵ و سەرهێڵیش تێیدا بوونی دەبێت. ئەوەی ئەو خزمەتگوزارییە جیاواز دەر دەخات، ئەوەیە کە هیچ کام لە یارییەکانی نێوی لە خزمەتگوزاری دیکەدا بوونی نابێت. گرنگترین یارییەکانی نێو خزمەتگوزارییەکە Monument Valley و Alto’s Adventure و Final Fantasy و SimCity ـن.
هەروەها کۆمپانیاکە مانگێک بەژداربوونی بە خۆڕایی دەداتە بەکارهێنەران لە یەکەم بەژداربووندا.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.