هەواڵ 16, ئه‌یلول 2019

وەنپڵەس ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی OnePlus 7T ـی ئاشکرا کرد

وا دیارە کۆمپانیای وەنپڵەسی چینی لە ئامادەکاریدایە بۆ ڕاگەیاندنی نوێترین مۆبایلی خۆی. بۆ ئەم مەبەستەش، کۆمپانیاکە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی OnePlus 7T ـی ئاشکرا کرد.

لە بڵاوکراوەیەکدا، کۆمپانیای وەنپڵەس ڕێکەوتی 26 ـی ئەم مانگەی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی 2 بۆنەی تایبەت بە نمایشکردنی مۆبایلی OnePlus 7T لە هیندستان و ئەمریکای باکوور. هەروەها ڕێکەوتی 10 ـی مانگی داهاتووشی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی سێیەم بۆنەی تایبەت بە ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە نوێیەکەی.

بڵاوکراوەکە زانیاری زۆر لەخۆ ناگرێت، بەڵام تێیدا ئاشکرا کراوە کە مۆبایلی OnePlus 7T خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە خێرایی 90 هێرتز.

پڕوپاگەندەکانی ڕابردوو پێشبینی دەکەن کە مۆبایلی OnePlus 7T خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 855 Plus و پاترییەک بە توانستی 3,800 ملی ئەمپێر ببێت، هەروەها 2 جۆر لە مۆبایلەکە بە ناوەکانی 7T و 7T Pro بەردەست بکرێت.تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە نرخ و ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلە نوێیەکەی وەنپڵەس بوونی نییە.

بۆنەی یەکەمی نمایشکردنی مۆبایلەکە لە ڕێکەوتی 26 ـی ئەم مانگە لە ئەمریکای باکور لە کاتژمێر 10:30 ـی سەر لە بەیانی بە کاتی ناوخۆ ئەنجام دەدرێت، بۆنەی دووەم لە هەمان ڕێکەوت لە هیندستان لە کاتژمێر 7 ـی ئێوارە بە کاتی ناوخۆ ئەنجام دەدرێت، وە بۆنەی سێیەمیش لە ڕێکەوتی 10 ـی مانگی داهاتوو لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە کاتژمێر 4 ـی دوا نیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ