10
ئای ئۆ ئێس 19, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

ئەپڵ وەشانی iOS 13 ـی ڕەوانەی سەرجەم بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپۆدەکان کرد

چەند خولەکێک بەر لە ئێستا، کۆمپانیای ئەپڵ وەشانی iOS 13 ـی ڕەوانەی سەرجەم بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپۆدەکان کرد.

لە دوای ئەوەی لە مانگی 6 ـی ئەمساڵدا کۆمپانیای ئەپڵ وەشانی iOS 13 ـی ڕاگەیاند، ئەمشەو کۆمپانیاکە وەشانەکەی ڕەوانەی سەرجەم بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپۆدەکان لە سەرانسەری جیهاندا کرد. قەبارەی وەشانەکە 2.28 گێگابایتە بۆ iPhone XS Max و بۆ ئایفۆنە کۆنەکان کەمترە.

چۆنیەتی نوێکردنەوەی وەشان بۆ iOS 13:

  • کردنەوەی ئەپی Settings
  • کردنەوەی بەشی General
  • کردنەوەی بەشی Software Update
  • کرتە کردن لە Download and install

تێبینی بۆ نوێکردنەوەی وەشان:

  • پێویستە وزەی پاتری ئامێرەکەت لە 50% زیاتر بێت.
  • پێویستت بە ئینتەرنێتی وایفای هەیە بۆ نوێکردنەوەی وەشان.

وەشانە نوێیەکەی iOS بە شێوەیەکی زۆر جیاوازی پێوە دیارە لە چاو وەشانە کۆنەکانی دیکە، بە هۆی ئەوەی خاوەن دەیان تایبەتمەندی نوێیە. ئەمانەی خوارەوە گرنگترین تایبەتمەندییەکانن کە لە وەشانی iOS 13 ـدا بوونیان هەن:

  • دۆخی تاریک (Dark Mode):

ئەو تایبەتمەندییەی بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەکارهێنەران چاوەڕێی بوون، لە کۆتایدا لێرەیە، دۆخی تاریک (Dark Mode). یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییە نوێیەکانی iOS 13 ـەیە کە لە شەودا ڕەنگی پاشبەندی سەرجەم ئەپە سەرەکییەکان و زۆرێک لە ئەپە ناسەرەکییەکان دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی ڕەش، بە مەبەستی زیان نەگەیاندن بە چاوەکانت و بەفیڕۆدانی ڕێژەیەکی کەمتری وزەی پاتری.

  • تەختەکلیلی کوردی (سۆرانی – بادینی):

بۆ یەکەمجار، کۆمپانیای ئەپڵ تەختەکلیلی کوردی هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی بۆ iOS 13 زیادکرد. لەمەودوا، پێویست بە داگرتنی هیچ ئەپێک ناکات تاوەکو تەختەکلیلی کوردی بەدەست بهێنیت. وە هیچ بیانوویەکیش نەما کە لەمەودوا تەختەکلیلی عەرەبی و لاتینی بەکاربهێنیت لە جیاتی کوردی!

  • Apple Arcade

خزمەتگوزاری Apple Arcade خزمەتگوزارییەکی نوێی کۆمپانیای ئەپڵە تایبەت بە یاریکردن. بە تەنها لە وەشانی iOS 13 ـدا بەردەستە و خاوەن تابێکی تایبەتە لە ئەپی App Store، لە نێویدا زیاتر لە 100 یاری جۆراوجۆر بوونی هەیە و بەژداریکردن بۆ هەر مانگێک بە بڕی 4.99$ ـە.

  • ئەپی Photos:

لە وەشانی iOS 13 ـدا، ئەپڵ گۆڕانکاری بەرچاوی لە ئەپی Photos ـی تایبەت بە وێنەکان کردووە. باشتر کراوە و لەمەودوا دەتوانێت ڤیدیۆکانیش دەستکاری بکات، لەگەڵ زیادکردنی کەرەستەی زیاتری دەستکاریکردن بۆ وێنەکان.

  • کامێرا:

لەگەڵ وەشانی iOS 13 ـدا، دەتوانیت ئەزموونی زیاتری وێنەگرتن لە ڕێگەی کامێراوە بەدەست بهێنیت. لەمەودوا دەتوانیت دەستکاری ڕووناکی و فلتەر و زیاتری وێنە Portrait ـەکان بکەیت.

  • داخڵکردن لە ڕێگەی ئەپڵ (Sign in with Apple):

ئەپڵ بژاردەیەکی نوێی داخڵبوونی لە وەشانی iOS 13 ـدا زیاد کردووە بە ناوی Sign in with Apple، کە ڕێگەت پێدەدات لە ڕێگەی زانیارییەکانی Apple ID ـییەکەتەوە داخڵی ماڵپەڕ و خزمەتگوزارییەکانی ئەپە ناسەرەکییەکان ببیت. بژاردەکە بە تەواوەتی پارێزراوە و تێپەڕەوشەکان دەکات بە شێوەی کۆدی درێژ.

  • ئەپی Messages:

لەگەڵ ئەپی Messages لە iOS 13 ـدا، دەتوانیت وێنە و ناو و زانیاری دیکە بخەیتە سەر هەژماری ئەپی Messages ـەکەت تاوەکو هاوڕێکانت توانای بینینیان هەبێت. هەروەها لە ئەپەکەدا تایبەتمەندی Memoji stickers زیادکراوە کە دەتوانرێت Memoji ـییەکان لە شێوەی لەزگەدا بۆ هاوڕێکانت بنێریت.

  • Health:

لە iOS 13 ـدا، ئەپی Health دیزاین کراوەتەوە و تابەکانی ڕێکخراوەتەوە. لەگەڵیشیدا، دەیان تایبەتمەندی نوێ زیادکراون کە یارمەتیدەرن بۆ باشترکردنی تەندرووستیت.

  • تەختەکلیلی QuickPath:

لە وەشانی iOS 13 ـدا، دەتوانیت لەسەر پیتەکانی تەختەکلیل دەست ڕابکێشیت بۆ نووسینی وشەکان، لە جیاتی کرتە کردن لە سەریان بۆ هەموو جارێک. ئەمەش یەکێک بوو لەو تایبەتمەندییانە کە بەکارهێنەرانی iOS بۆ چەند ساڵێک داوایان دەکرد.

  • ئاسایش:

لەگەڵ ئەوەی بە گشتی وەشانەکانی iOS خاوەن ئاسایشێکی توندن، ئەمە لە وەشانی iOS 13 ـەدا زیاتر بووە. لەمەودوا وەشانەکە ئاگادارت دەکاتەوە لە ژمارەی ئەو جارانەی کە ئەپێک شوێنەکەتی بەکارهێناوە. هەروەها ئەپڵ ئەو ڕێگایانەی داخستووە کە گەشەپێدەران توانای زانینی شوێنەکەتیان هەبوو لە ڕێگەی Wi-Fi و Bluetooth ـەوە.

  • ئەپی Reminders:

هاوشێوەی ئەپی Health، ئەپی Reminders ـیش لە وەشانی iOS 13 ـدا نوێکراوەتەوە و بە تەواوەتی دیزاینی گۆڕاوە. لەمەودوا، دەتوانیت بە ئاسانی بیرخەرەوەکان لە نێو ئەپەکەدا تۆمار بکەیت، بەو واتایەی ژیانت ئاسانتر بووە. هەروەها ئەپەکە ئێستا پشتگیری لە بەستەرەکان و Quick Toolbar و لیستی زیرەک و زیاتر دەکات.

  • باشترکردنی خێرایی:

ئەپڵ دەڵێت تەنانەت وەشانی iOS 13 لە ئامێرە کۆنەکانیشدا خێرایە. ئەپەکان 2 هێندە خێراتر دەکرێنەوە لە چاو iOS 12 ـەوە و ناسێنەرەوەی دەموچاو Face ID بە ڕێژەی 30% خێراتر قفڵ دەکاتەوە. هەروەها قەبارەی ئەپەکان کەمتر کراونەتەوە.

  • ئەپی Apple Maps:

ئەپی Apple Maps لە وەشانی iOS 13 باشتر کراوە و تایبەتمەندی نوێی دیکە زیاد کراوە. ئەپەکە خاوەن تایبەتمەندی Look Around ـە بۆ بەخشینی ئەزموونی 3 دووری تایبەت بە بینینی ئاڕاستە دیاریکراوەکانی نەخشە لە ڕێگەی کامێرا و بە شێوەی 360 پلەیی.

لیستی ئەو ئامێرانەی پشتگیری لە وەشانی iOS 13 دەکەن:

  • iPhone 11 Pro Max
  • iPhone 11 Pro
  • iPhone 11
  • iPhone XS
  • iPhone XS Max
  • iPhone XR
  • iPhone X
  • iPhone 8
  • iPhone 8 Plus
  • iPhone 7
  • iPhone 7 Plus
  • iPhone 6S
  • iPhone 6S Plus
  • iPhone SE
  • iPod Touch (نەوەی حەوتەم)
بۆچونی تۆ