10
ئای ئۆ ئێس 20, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

15 تایبەتمەندی نوێی وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 کە شایەنی ئاماژە پێکردنن

دوێنێ شەو کۆمپانیای ئەپڵ وەشانی iOS 13 ـی بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپۆدەکان بەردەستکرد، وەشانی iPadOS 13 ـی تایبەت بە ئایپادەکانیش لە ڕێگایە. کۆمپانیای ئەپڵ بە دەیان تایبەتمەندی نوێی دیار و وردی لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـدا زیاد کردووە. ئەمانەی خوارەوە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی نێو وەشانە نوێیەکانن:

  • دۆخی تاریک (Dark Mode):

ئەو تایبەتمەندییەی بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەکارهێنەران چاوەڕێی بوون، لە کۆتایدا لێرەیە، دۆخی تاریک (Dark Mode). یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییە نوێیەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـەیە کە لە شەودا ڕەنگی پاشبەندی سەرجەم ئەپە سەرەکییەکان و زۆرێک لە ئەپە ناسەرەکییەکان دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی ڕەش، بە مەبەستی زیان نەگەیاندن بە چاوەکانت و بەفیڕۆدانی ڕێژەیەکی کەمتری وزەی پاتری.

  • تەختەکلیلی کوردی (سۆرانی – بادینی):

بۆ یەکەمجار، کۆمپانیای ئەپڵ تەختەکلیلی کوردی هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی بۆ iOS 13 و iPadOS 13 زیادکرد. لەمەودوا، پێویست بە داگرتنی هیچ ئەپێک ناکات تاوەکو تەختەکلیلی کوردی بەدەست بهێنیت. وە هیچ بیانوویەکیش نەما کە لەمەودوا تەختەکلیلی عەرەبی و لاتینی بەکاربهێنیت لە جیاتی کوردی!

  • Apple Arcade:

خزمەتگوزاری Apple Arcade خزمەتگوزارییەکی نوێی کۆمپانیای ئەپڵە تایبەت بە یاریکردن. بە تەنها لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـدا بەردەستە و خاوەن تابێکی تایبەتە لە ئەپی App Store، لە نێویدا زیاتر لە 100 یاری جۆراوجۆر بوونی هەیە و بەژداریکردن بۆ هەر مانگێک بە بڕی 4.99$ ـە.

  • ئەپی Photos:

لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـدا، ئەپڵ گۆڕانکاری بەرچاوی لە ئەپی Photos ـی تایبەت بە وێنەکان کردووە. باشتر کراوە و لەمەودوا دەتوانێت ڤیدیۆکانیش دەستکاری بکات، لەگەڵ زیادکردنی کەرەستەی زیاتری دەستکاریکردن بۆ وێنەکان.

  • کامێرا:

لەگەڵ وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـدا، دەتوانیت ئەزموونی زیاتری وێنەگرتن لە ڕێگەی کامێراوە بەدەست بهێنیت. لەمەودوا دەتوانیت دەستکاری ڕووناکی و فلتەر و زیاتری وێنە Portrait ـەکان بکەیت.

  • داخڵکردن لە ڕێگەی ئەپڵ (Sign in with Apple):

ئەپڵ بژاردەیەکی نوێی داخڵبوونی لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـدا زیاد کردووە بە ناوی Sign in with Apple، کە ڕێگەت پێدەدات لە ڕێگەی زانیارییەکانی Apple ID ـییەکەتەوە داخڵی ماڵپەڕ و خزمەتگوزارییەکانی ئەپە ناسەرەکییەکان ببیت. بژاردەکە بە تەواوەتی پارێزراوە و تێپەڕەوشەکان دەکات بە شێوەی کۆدی درێژ.

  • ئەپی Messages:

لەگەڵ ئەپی Messages لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـدا، دەتوانیت وێنە و ناو و زانیاری دیکە بخەیتە سەر هەژماری ئەپی Messages ـەکەت تاوەکو هاوڕێکانت توانای بینینیان هەبێت. هەروەها لە ئەپەکەدا تایبەتمەندی Memoji stickers زیادکراوە کە دەتوانرێت Memoji ـییەکان لە شێوەی لەزگەدا بۆ هاوڕێکانت بنێریت.

  • Health:

لە iOS 13 و iPadOS 13 ـدا، ئەپی Health دیزاین کراوەتەوە و تابەکانی ڕێکخراوەتەوە. لەگەڵیشیدا، دەیان تایبەتمەندی نوێ زیادکراون کە یارمەتیدەرن بۆ باشترکردنی تەندرووستیت.

  • تەختەکلیلی QuickPath:

لەمەودوا و لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـدا، دەتوانیت لەسەر پیتەکانی تەختەکلیل دەست ڕابکێشیت بۆ نووسینی وشەکان، لە جیاتی کرتە کردن لە سەریان بۆ هەموو جارێک. ئەمەش یەکێک بوو لەو تایبەتمەندییانە کە بەکارهێنەرانی iOS بۆ چەند ساڵێک داوایان دەکرد.

  • ئاسایش:

لەگەڵ ئەوەی بە گشتی وەشانەکانی iOS خاوەن ئاسایشێکی توندن، ئەمە لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـەدا زیاتر بووە. لەمەودوا وەشانەکە ئاگادارت دەکاتەوە لە ژمارەی ئەو جارانەی کە ئەپێک شوێنەکەتی بەکارهێناوە. هەروەها ئەپڵ ئەو ڕێگایانەی داخستووە کە گەشەپێدەران توانای زانینی شوێنەکەتیان هەبوو لە ڕێگەی Wi-Fi و Bluetooth ـەوە.

  • ئەپی Reminders:

هاوشێوەی ئەپی Health، ئەپی Reminders ـیش لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 ـدا نوێکراوەتەوە و بە تەواوەتی دیزاینی گۆڕاوە. لەمەودوا، دەتوانیت بە ئاسانی بیرخەرەوەکان لە نێو ئەپەکەدا تۆمار بکەیت، بەو واتایەی ژیانت ئاسانتر بووە. هەروەها ئەپەکە ئێستا پشتگیری لە بەستەرەکان و Quick Toolbar و لیستی زیرەک و زیاتر دەکات.

  • باشترکردنی خێرایی:

ئەپڵ دەڵێت تەنانەت لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 لە ئامێرە کۆنەکانیشدا خێران. ئەپەکان 2 هێندە خێراتر دەکرێنەوە لە چاو iOS 12 ـەوە و ناسێنەرەوەی دەموچاو Face ID بە ڕێژەی 30% خێراتر قفڵ دەکاتەوە. هەروەها قەبارەی ئەپەکان کەمتر کراونەتەوە.

  • ئەپی Apple Maps:

ئەپی Apple Maps لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 باشتر کراوە و تایبەتمەندی نوێی دیکە زیاد کراوە. ئەپەکە خاوەن تایبەتمەندی Look Around ـە بۆ بەخشینی ئەزموونی 3 دووری تایبەت بە بینینی ئاڕاستە دیاریکراوەکانی نەخشە لە ڕێگەی کامێرا و بە شێوەی 360 پلەیی.

  • پشتگیریکردن لە کۆنتڕۆڵەکانی یاریکردنی PS4 و Xbox و مشکە بێوایەرەکان (Wireless Mouse):

لەمەودوا، دەتوانیت زۆر بە ئاسانی یاری بە ئایفۆن و ئایپادەکەت بکەیت لە ڕێکەی پەیوەستکردنی کۆنتڕۆڵەکانی یاریکردنی PS4 و Xbox، چونکە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 پشتگیری لە پەیوەستکردنی کۆنتڕۆڵەکانی یاریکردنی PS4 و Xbox دەکەن. هەروەها وەشانی iPadOS 13 ـی ئایپاد پشتگیری لە پەیوەستکردنی مشکە بێوایەرەکان (Wireless Mouse) دەکات.

  • پشتگیریکردن لە هاوبەشیپێکردنی دەنگ:

هەریەکە لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS 13 پشتگیری لە هاوبەشیپێکردنی دەنگ دەکەن. بەو مانایەی، دەتوانیت لە یەک کاتدا 2 دانە بیستۆکی بێوایەر پەیوەست بە ئایفۆن یان ئایپادەکەوە بکەیت و دەنگەکە بە هاوبەشی بۆ هەردوو بیستۆکەکە بڕوات.

هەروەها خوێنەربە:

بۆچونی تۆ