ئای ئۆ ئێس 20, ئه‌یلول 2019

چۆنیەتی گواستنەوەی زانیارییەکان لە ئایفۆنە کۆنەکەتەوە بۆ ئایفۆنە نوێیەکەت

ئەگەر یەکێکیت لەوانەی کە ئەمڕۆ یەکێک لە جۆرەکانی iPhone 11 ـت کڕی، پیرۆزت بێت! یاخود ئەگەر بەنیازیت بیکڕیت، هیوا دەخوازین بە زووترین کات بیکڕیت. ئەم بابەتە بەسوود دەبێت بۆت ئەگەر یەکێکیت لەوانەی کە ئەمڕۆ یەکێک لە جۆرەکانی iPhone 11 ـت کڕی.

لەم بابەتەدا کەی ئای تی ئێن هەنگاو بە هەنگاو ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن زانیارییەکانی نێو ئایفۆنە کۆنەکەت بگوازیتەوە بۆ سەر ئایفۆنە نوێیەکەت. دواین وەشانەکانی iOS، ئەم کردارەیان ئاسان کردووە، ئێمەش ئاسانترین کردارەکانت بۆ دەخەینە بەردەست.

ڕێگای یەکەم: بە شێوەی بێوایەر

ئەم ڕێگایە پێویست بە وایەر یاخود کۆمپیوتەر ناکات. بەڵکو کردارەکە بە شێوەی بێوایەر و زۆر بە ئاسانی بەڕێوە دەچێت. با دەستپێبکەین.

  1. ئایفۆنەکەت لە پاکەت دەربهێنە، هەڵیبکە و لە پاشان زمان و ناوچەکەت دیاری بکە (ئەگەر پێشووتر چالاکت کردبوو، بەم هەنگاوە ناچالاکی بکە تاوەکو سوود لە پڕۆسەکە ببینیت: Settings > General > Reset > Reset All Content and Settings).
  2. لە پاشان، ئایفۆنە کۆنەکەت لە ئایفۆنە نوێیەکەت نزیک بکەرەوە. پێویستە هەردووکیان لە ژێر بارگاویکردنەوەدا ببن، ئینجا چاوەڕێ بکە.
  3. کاتێک کە خۆی خودکارانە پەیوەندییەکەی درووستکرد، پەنجەرەیەکی بچکۆلانە لە خوارەوەی ڕوونمای ئایفۆنە کۆنەکەت دەکرێتەوە، پێویستە کرتە لە Continue بکەیت.
  4. لە پاش کرتە کردن لە دوگمەکە، خودکارانە وێنەیەک دەچێتە سەر ڕوونمای ئایفۆنە نوێیەکەت، پێویستە کامێرای ئایفۆنە کۆنەکەت بکەیتە سەر وێنەی سەر ڕوونمای ئایفۆنە نوێیەکەت.
  5. لە پاش خستنە سەری کامێرای ئایفۆنە نوێیەکەت بۆ سەر ڕوونمای ئایفۆنە نوێیەکەت، ئێستا پێویستە چەند هەنگاوێک جێبەجێ بکەیت لە ئایفۆنە نوێیەکەت. داوات لێ دەکات تێپەڕە وشەی Apple ID ـییەکەت داخڵ بکەیت و Face ID ڕێکبخەیت، لەگەڵ ڕێکخستنی چەند خزمەتگوزاریەکی دیکەدا. بەردەوامبە تا دەگەیتە کۆتایی بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی گواستنەوە.
  6. کرداری گواستنەوەی زانیارییەکان خودکارانە دەست پێدەکات. پێویست دەکات تاوەکو نزیکەی 6 خولەک چاوەڕێ بکەیت بۆ تەواوبوونی پڕۆسەکە (ئەگەر ئایفۆنە کۆنەکەت زانیاری زۆری تێدا بێت، زیاتر دەخایەنێت).
  7. لە کۆتایدا، سەرجەم زانیارییەکان بە سەرکەوتوویی لەسەر ئایفۆنە کۆنەکەتەوە گواسترانەوە بۆ ئایفۆنە نوێیەکەت!

ڕێگای دووەم: بە شێوەی بە وایەر

لەم ڕێگایەدا، وایەر و کۆمپیوتەر پێویست دەکات. پێویست دەکات لە کۆمپیوتەرەکەدا ئەپی iTunes بوونی هەبێت.

  1. ئایفۆنە کۆنەکەت پەیوەست بە کۆمپیوتەر بکە.
  2. ئەپی iTunes لە کۆمپیوتەرەکەت بکەرەوە.
  3. کرتە لە دوگمەی Backup Now بکە.
  4. پڕۆسەکەی پاشەکەوتکردنی زانیارییەکان دەست پێدەکات، چەند خولەکێک دەخایەنێت.
  5. لە پاش ئەوەی پڕۆسەکە بەکۆتا هات، ئایفۆنە کۆنەکەت لە کۆمپیوتەرەکەت ناپەیوەست بکە و ئایفۆنە نوێیەکەت پەیوەست بکە.
  6. دووبارە، ئەپی iTunes بکەرەوە و لە پەڕەی سەرەکیدا کرتە لە دوگمەی Restore Backup بکە.
  7. لە پاشان، کرتە لەسەر ناوی ئایفۆنە کۆنەکەت بکە.
  8. ئێستا، پڕۆسەکە دەستپێدەکات.
  9. هەر لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆسەکە، سەرجەم زانیارییەکانی ئایفۆنە کۆنەکەت گواسترانەوە بۆ ئایفۆنە نوێیەکەت! پیرۆزە!
بۆچونی تۆ