10
مایکرۆسۆفت 25, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

ساڵی داهاتوو ژمارەی بەکارهێنەرانی سیستەمی Windows 10 دەگاتە 1 ملیار بەکارهێنەر

ژمارەی بەکارهێنەرانی سیستەمی Windows 10 لە گەشەکردنی ئێجگار بەرزدایە. مایکرۆسۆفت دەڵێت ژمارەی بەکارهێنەرانی سیستەمەکەیان نزیک دەبێتەوە لە 1 ملیار بەکارهێنەر.

دوێنێ کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ژمارەی بەکارهێنەرانی سیستەمی Windows 10 ـی لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا ئاشکراکرد و ڕایگەیاند تاوەکو ئێستا سیستەمەکە خاوەن 900 ملیۆن بەکارهێنەرە. لە کاتێکدا کە لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا کۆمپانیاکە ڕایگەیاند ژمارەی بەکارهێنەرانی سیستەمی Windows 10 گەیشتە 800 ملیۆن بەکارهێنەر، بە تەنها لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا زیاتر لە 100 ملیۆن بەکارهێنەری سیستەمەکە زیادی کردووە. مایکرۆسۆفت دەڵێت لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا زۆرترین ئامێری کارکردوویان بە Windows 10 ـەوە بەردەست کردووە لە چاو ساتی بەردەستکردنی Windows 10 کە دەکاتە ساڵی 2015. ئەم ئامارەی مایکرۆسۆفت هەریەکە لە ئامێرەکانی کۆمپیوتەر، لاپتۆپ، تابلێت، ئامێرەکانی وەکو HoloLens و Xbox One دەگرێتەوە.

سیستەمی پڕبەکارهێنەری Windows 7 لە کۆتاییەکانی تەمەنیدایە و لە پێشووتردا کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند کە لە مانگی 1 ـی ساڵی داهاتوودا بە تەواوی پشتگیری خۆیان لە سیستەمی Windows 7 دەوەستێنن، بەمەش پێویستە بەکارهێنەرانی سیستەمە ناوبراوەکە وەشانەکانیان نوێبکەنەوە بۆ Windows 10.

لە سەرەتاکانی ساڵی ڕابردوودا ژمارەی بەکارهێنەرانی Windows 10 گەیشتە 700 ملیۆن بەکارهێنەر و لە مانگی 3 ـی ئەمساڵدا گەیشت بە 800 ملیۆن بەکارهێنەر، هەروەها لەم مانگەشدا گەیشت بە 900 ملیۆن بەکارهێنەر. ئەمە بە گەشەسەندێکی ئێجگار باش هەژمار دەکرێت، هەر بۆیە گەیشتن بە 1 ملیار بەکارهێنەر مەحاڵ نییە و ڕەنگە لە چەند مانگێکی کەمی داهاتوودا ڕووبدات.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ