10
ئەپڵ 27, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

مۆبایلەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro خاوەنەکانیان ئاگادار دەکەنەوە لە کاتی گۆڕینی ڕوونماکانیان بۆ ڕوونمای ساختە و خراپ

ئەپڵ تایبەتمەندییەکی ئاگادارکەرەوەی ئاشکراکرد کە لە ئایفۆنە نوێیەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro ـدا بوونیان هەیە و پەیوەندیدارە بە ڕوونماوە.

لە پەڕەی پشتگیری ماڵپەڕی فەرمی خۆی، کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند مۆبایلەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro خاوەنەکانیان ئاگادار دەکەنەوە لە ئەگەری پشتڕاست نەکردنەوەی جۆرایەتی ڕاستەقینەی ڕوونماکانیاندا لە دوای گۆڕینیان. ئاگادارکەرەوەکە بە بەکارهێنەر ڕادەگەیەنێت کە مۆبایلەکە ناتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە کە ڕوونما نوێیەکەیە ڕوونمای ڕاستەقینەی ئەپڵە یاخود لە لایەن ئەپڵەوە گۆڕدراوە، هەر بۆیە ئاگادارکەرەوەکە دەچێتە چوارچێوەی گرنگییەوە و پێویستە بایەخی پێ بدرێت.

ئەپڵ دەڵێت مەبەست لە ئاگادارکەرەوەکە بۆ ئەوەیە تاوەکو بەکارهێنەرانی ئایفۆنە نوێیەکان دووربکەونە لە بەکارهێنانی ڕوونمای ساختە و لە کێشەکانی وەکو؛ لە بیرچوونی بەستنی چەند بەشێکی ڕوونما، کێشەی هەستیاری و ڕەنگ و ڕووناکی بەدوور ببن. هەر بۆیە پێویستە ڕوونماکان چیدیکە لە لایەن چاککەرەوە و بریکارە فەرمییەکانی ئەپڵەوە بگۆڕدرێن.

ئاگادارکەرەوەکە بۆ ماوەی 4 ڕۆژ لە دوای ئاشکرابوونی جۆرایەتی ڕوونما لە لایەن مۆبایلەکە بە بەردەوامی دەردەکەوێت، لە پاش 15 ڕۆژی دیکە ئاگادارکەرەوە دەوەستێت و لە پەڕەی سەرەکی ئەپی Settings دەست بە دەرکەوتن دەکات، لە پاش ماوەیەکی دیکە ئەو دەرکەوتنەش دەوەستێت و لە بەشی Settings -> General -> About ـدا و بۆ هەمیشەیی دەست بە دەرکەوتن دەکات.

ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە، تێچووی گۆڕینی ڕوونما بۆ جۆرایەتییەکی خراپ و ساختە زۆر زۆر کەمترە لە چاو تێچووی ڕوونمایەکی ڕاستەقینەدا، تێچووی ڕوونمایەکی ڕاستەقینە لە لایەن ئەپڵەوە سەروو 300$ تێدەپەڕێنێت. هەر بۆیە، ئەگەر دەتەوێت تووشی ئەو ئاگادارکەرەوە بێزارکەرە نەبیت، پێشنیار دەکەین ڕوونمای iPhone 11 ـەکەت لە لایەن یەکێک لە بریکارە ڕێگەپێدراوەکانی ئەپڵ لە ناوچەکەت بگۆڕیت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ