مۆبایل و تابلێت
7, تشرینی یهكهم 2019
ئەمەزۆن تابلێتی Amazon Fire HD 10 ـی بە پڕۆسێسەرێکی خێراتر و دەرچەی USB-C و زیاترەوە نوێکردەوە

ئەمەزۆن گەورەترین ئەندامی نێو زنجیرە تابلێتی Amazon Fire ـی بە ناوی Amazon Fire HD 10 بە پڕۆسێسەرێکی خێراتر و دەرچەی USB-C و زیاترەوە نوێکردەوە.
نەوە نوێیەکەی تابلێتی Amazon Fire HD 10 خاوەن هەمان قەبارەی ڕوونمای نەوەی پێشوویەتی، ئەویش 10.1 ئینجە و خاوەن چوارچێوەیەکی گەورەی ڕوونمایە. خێرایی بە ڕێژەی 30% زیاتر کراوە و پاتری بە ڕێژەی 20% خۆڕاگرتر کراوە، سوپاس بۆ پڕۆسێسەرە نوێیەکەی. هەریەکە لە Wi-Fi و دەرچەی microSD ـیش گۆڕانکارییان بە خۆیانەوە بینیوە و باشتر کراون، لەمەودوا بیرگەکەی دەتوانرێت تاوەکو 512 گێگابایت لە ڕێگەی دەرچەی microSD ـەوە زیاد بکرێت.
زیادکردنی دەرچەی USB-C دیارترین گۆڕانکاری تابلێتەکەیە، کە ڕێگە دەدات بە خێرایی زانیاری و وزە بگوازرێتەوە. هەروەها تابلێتەکە بە بژاردەی ڕەنگە نوێیەکانی شینی شەبەقی، قۆخی، سپی و ڕەش بەردەست دەکرێت.
لە لایەنی نەرمەکاڵاوە، ئەمەزۆن هیچ گۆڕانکارییەکی دیاری لە ڕووکاری سیستەمەکەدا نەکردووە. بە هەمان شێوەی نەوەی پێش خۆی، خاوەن سیستەمی ئەندرۆید و هەمان ڕووکاری پێشووتر دەبێت. لە ئێستادا ئەپەکانی وەک Prime Video و Netflix و چەند ئەپێکی دیکە پشتگیری لە تابلێتەکە دەکەن و لە داهاتوودا ئەپی زیاتر بۆ ڕیزی ئەپە پشتگیریکراوەکان زیاد دەکرێن.
هەروەها، جۆرێکی تایبەت بە منداڵان لە تابلێتەکە بە ناوی Fire HD 10 Kids Edition ڕاگەیاندرا کە خاوەن بەرگی تایبەتە و دیزاین کراوە تاوەکو بە ئاسانی خۆی ڕابگرێت بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ منداڵان.
نرخی تابلێتی Fire HD 10 لە 149$ ـەوە دەستپێدەکات و نرخی Fire HD 10 Kids Edition ـیش لە 199$ ـەوە دەست پێدەکات. وا بڕیارە لە 30 ـی ئەم مانگەدا بەردەست بکرێن بۆ فرۆشتن و لە ئێستاشەوە بەردەستن بۆ فرۆشتن بە شێوەی داواکاری پێشوەختە.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.