بابەتی گرینگ 26, ئازار 2020

خوێندنی سەرهێڵی Online و کۆرۆنا و یەک دوو قسە

هەمووان ئەم ماوەیە لەگەڵ هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بیریان هاتەوە خوێندنێک هەیە سەرهێڵییە (ئۆنڵاین)ـە، بیریان نەبوو ساڵانێکە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا ئەویش پەرەی پێدراوە. بیریان چوو، کە دەبێت هەمیشە بۆ دۆخێک لە دۆخەکان جێگرەوە و پلانی (B) هەبێت. لەم سۆنگەیەوە و بە هۆی دۆخی ئێستای جیهان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، زۆرێک قسە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بارەی خوێندنی سەرهێڵییەوە کرا. زۆرینەی گاڵتەی پێهات و بگرە هێنایانە سەر سفر! هەندێکیشی بە شێوەیەک لە شێوەکان پاڵپشتی کرد.

لە ڕاستیدا، دەکرێت زۆربەی لە دیدی خۆیەوە قسەی کردبێت، و دەشکرێت زۆربەی لە نەشارەزاییەوە ملی نابێتە ناو بابەتەکە و ئیتر قسەی لە بارەوە کردبێت. هەروەک دەکرێت زۆرێکیش لە شارەزایی و تایبەتمەندبوونی لە بوارەکە بابەت گەلێکی خستبێتە ڕوو و سود و زیانەکانی باسکردبێت. هەرچی گوترابێت تازە گوتراوە، بەڵام هەموو کەس بە قسە دەوێرێت، ئەوەی چۆک بە هەمووی دادەدات کردارە.

لێتان نەشارمەوە ئەگەر ئەمڕۆش نەبێت، دەبێت بۆ سبەی و دوو سبەی ئێمە بژاردەمان هەبێت، وە هەموو دونیای تەکنەلۆژیایش وا دەڕوانێتە داهاتوو، کە خوێندن دەبێت بە سەرهێڵیش بەردەست ببێت و هەمیشە و هەمووان دەستیان بە خوێندن بگات. یەکێک لە هەرە سوودە دیارەکانی خوێندنی ئۆنڵاین لە هەموو شوێن و لە هەموو کاتێکدایە، واتە Asynchronousـە. ئەمەش وادەکات فێرخواز بە پێی خواستی خۆی کاتەکانی خوێندنی خۆی ڕێکبخات و ئەرکەکان جێبەجێ بکات و لە کاتی پێویست پەیوەندی لەگەڵ مامۆستا بگرێت. هەروەک هەموو ماددە و پێداویستییەکانی فێربوون لەبەردەستانن و پێویست ناکات خەمی بۆ بخۆی. هەروەها هاوبەشیپێکردن و ئاڵوگۆڕی پەڕگەکان گەلێک ئاسانە و بە کرتەیەک و یەک دوو هەنگاو جێبەجێ دەکرێت.

لە ڕاستیدا، خوێندنی سەرهێڵی یاریدەدەرە لە پەرەپێدانی خود، چونکە لەم کاتەدا تۆ تەنهایت و دەبێت هەوڵەکانی خۆت چڕ بکەیتەوە لە پابەندبوون و پەیوەست بوون بە کات و جێبەجێکردنی ئەرکەکان. لە ئەنجامدا، پڕۆسەی خوێندن دەبێتە پڕۆسەیەکی ماوە درێژ Life-long Learning. ئەمە و تێچووی کەمتر لە ڕووی نرخەوە و گێرانەوەی کات بەهۆی خوێندنی سەرهێڵییەوە. لە جێگەی ئەوەی کە پاس یان تاکسی یان ئۆتۆمبێلی خۆت بەکاربهێنیت بۆ خوێندنگە و زانکۆکان، لە ماڵەوە یان لە هەر شوێنێک بۆتۆ گونجاو بێت دەتوانیت خوێندن و فێربوونی خۆتی تێدابکەیت. ئەمە و سود گەلێکی زۆری تری خوێندنی سەرهێڵی، کە دەکرێت بە وتاری درێژتر و بە نمونەوە باس بکرێن.

بەڵام، ئەوەی زۆر جێگەی مشتومڕە و قسە و باسە، لایەنە نەرێنییەکانی خوێندنی سەرهێڵییە، بەتایبەت لە هەندێک وڵاتی هەژارنشین و کەم دەرامەت. خوێندنی ئۆنلاین و سەرهێڵی وەکو خوێندنی ئاسایی و ڕووبەڕوو بە دوور نییە لە کێشە و گرفت و زیانەکان، بەڵکو ئەویش کێشە گەلێکی هەیە، کە دەکرێت بە تێپەڕبوونی کات چارەسەر بکرێن و دەکرێت هەندێکیان لە ئێستا و تەنانەت لە داهاتووشدا چارەسەریان ئەستەم بێت.

پێویستە لە کێشەی ئینتەرنێتەوە دەست پێ بکەین. لە کوردستان بە گشتی هێڵەکان ناجێگیرن و زۆربەی فێرخوازان توانای کڕینی ئینتەرنێتیان نییە و پشت بە Free Internet دەبەستن، کە ئینتەنێتێکی زۆر هێواش و بێ کەڵکە و زۆر سنوردارە و تەنها تێکست و (وێنەش بە سنورداری) دەتوانیت لە ڕێگەیەوە ئاڵوگۆر بکەیت، ئەم ئینتەرنێتە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی Freebasics.org لە لایەن کۆرەک و ئاسیاسێڵەوە پێشکەش دەکرێت و سودی نابێت بۆ خوێندن. ئەمە و کەمدەرامەتی بەخێوکەرانی فێرخوازان و نەبوونی دارایی پێویست بۆ کڕینی ئینتەرنێت بۆ منداڵەکانیان. بۆ چارەسەر، دەکرێت حکومەت بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ ئەم ماڵپەڕ و سەکۆیانەی، کە بۆ خوێندن سودیان لێ وەردەگیرێن بکرێنە خۆڕایی و هەمووان و بە بێسنوور بتوانن دەستیان پێ بگات.

لە لایەکی دیکەوە، خوێندن و وانەبێژی و فێربوونی سەرهێڵی پێویستی بە شارەزاییە لە ئامرازە تەکنەلۆژییەکان و مامۆستایان بە گشتی لەوانە نییە بە هەندێک لەم ئامرازانە ئاشنا بن، بەڵکو لەوانەیە پێویستیان بە کات بێت، ئەمە سەرباری ئەوەی خوێندکارانیش بە هەمان شێوە کێشەی زانینی تەکنەلۆژی (Digital Literacy) ـیان هەیە. ئەمە دەکرێت لە ڕێگەی مامۆستایانەوە تا ڕادەیەک چارەسەر بکرێت بە تۆمارکردنی ڤیدیۆی فێرکاری و هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ خوێندکاراندا. هەروەک دەکرێت سود لەم سەکۆیانە وەربیگرێن کە بە شێوەیەکی گشتی مامۆستا و خوێندکاران پێشتر پێی ئاشنان.

هەروەک، خوێندنی سەرهێڵی کەمتر گەرموگوڕی بەشداریکردنی تێدایە وەکو لە خوێندنی ڕووبەڕووی ناو پۆل، هەروەها بۆ هەندێک لە بەشە جیاوازەکان کە پێویستیان بە کارکردنی مەیدانییە (Field) ـە لەوانەیە گونجاو نەبێت. هەروەها دەکرێت پەرتبوون و دەرچوونی خوێندکار (Distraction) لە خوێندنی ئۆنڵاین زۆر بێت و پابەندبوون کەم بێت، تەنها مەگەر کەسێک هاندانێکی تەواوی هەبێت بۆ خوێندنەکەی و خۆی یەکلایی کردبێتەوە.

ئەمانەی خوارەوە چەند هەڵە تێگەیشتنێکن لەبارەی خوێندنی ئۆنلاین، بە چارەسەرەوە:
1- مەرج نییە خوێندنەکە تەنها لەسەر لاپتۆپ و تابلێت بێت، بە مۆبایل دەکرێت و دەشێت مۆبایلەکە بە کەیبڵێکی ئاسایی بدرێت لەو ڕوونما تەلەڤیزیۆنەی لە ماڵەوە هەیە.
2- ئەوانەی دەڵێن زیانی هەیە لە ڕووی تەندروستییەوە، ئەوا داوا لە خوێندکار نەکراوە 24 کاتژمێر چاوی لەسەر ڕوونمای کۆمپیوتەر، مۆبایل یان تابلێتەکەی بێت. بۆیە ئاساییە ئەگەر لە ڕۆژێکدا چەند کاتژمێرێک لەسەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی سەرقاڵی خوێندن و فێربوون بێت.
3- مامۆستایان شارەزا نین لە ئامرازە تەکنەلۆژییەکان، لێرەدا پێویستە ئەم ئامرازانە سودیان لێ وەربگیرێن کە بە گشتی مامۆستا و خوێندکاران یان باوک و دایکی خوێندکاران لێی شارەزان و پێشتر پێیان ئاشنان. بۆ نمونە، فەیسبووک و گروپەکانی فەیسبووک یان مێسنجەر و ڤایبەر و کلاسڕووم و  وەتسئەپ و …

4- نەبوونی ئینتەرنێت و خراپی جۆرایەتییەکەی، لێرەدا دەتواندرێت بە هەماهەنگی حکومەت و کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ هەموو خوێندکارێک بە خۆڕایی ئینتەرنێت بەردەست بکرێت، بەشێوەیەک ئەم ماڵپەڕ و سایتانەی زانکۆ و خوێندنگاکان شتەکانی لێ دادەنێن بکرێنە خۆرایی و بەردەوام بەردەست بن و هیچ تێچوویەک نەکەوێتە ئەستۆی خوێندکار و بەخێوکەرەکانی. بۆ نمونە دەکرێت هەورە فێرگە یان خزمەتگوزارییەکانی وەکو زووم و گووگڵ Meet و Drive و هتد بکرێنە خۆرایی.

5- کێشەیەکی تر کە لە کوردستان هەیە، ئەویش وزەی کارەبایە، لەڕاستیدا ئەم کێشەیە بەردەوامە و کەس نازانێت کەی چارەسەر دەبێت، بە گشتی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان توانای بارگاوی بوونەوەیان هەیە و بەشی خوێندکار دەکەن، و بڕی ئەوەندە کارەبا دەبێت کە شەحن و بارگاوی بکرێنەوە.

6- خوێندنی ئۆنڵاین مەرج نییە ڕاستەوخۆ بێت، واتە مامۆستاکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێندکارەکە بێت و خوێندکارەکەش ئامادە بێت، بەڵکو ئاساییە ئەگەر وانەکە تۆمار بکرێت و لە شوێنێک دابندرێت و خوێندکار سەیری بکات و ئەرکەکان جێبەجێ بکات. دەکرێت مامۆستا سود لە سەکۆکانی وەکو کلاسڕووم وەربگرێت بۆ ئەرکی ماڵەوە و هاوشێوەکانی یان هەر سەکۆیەکی تری ئاسان و ئاشنا بە فێرخوازەکانی…

7- هەندێک خەڵک پێی وایە خوێندنی ئۆنڵاین ئاسانترە، لە ڕاستیدا مەرج نییە و دەکرێت لە زۆر ڕووەوە لە خوێندنی ناو پۆل زۆر سەختتر بێت.

8- هەندێک پێی وایە خوێندنی ئۆنڵاین تەواو کراوەیە، بە جۆرێک هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە، ئەمە هەموو کاتێک مەرج نییە چونکە لە خوێندنی ئۆنڵاینیشدا مامۆستاکەت دەکرێت بۆ کاتی سەیرکردنی وانەکان و گەڕاندنەوەی ئەرکەکان کات و ڕێکەوتی دیاریکراو دابنێت، بە پێچەوانەوە لە دەستت بچێت.

9- هەندێک پێیان وایە جۆرایەتی کۆرس و خوێندنی ئۆنڵاین زۆر نزمە، لە ڕاستیدا ئەمە پشت دەبەستێت لەو مامۆستایە یان دەزگایەی کە کۆرسەکەی دیزاین کردووە و بڵاوی کردووەتەوە. وەکو چۆن لە خوێندنی ناو پۆلیش مامۆستای باش و دڵسۆز هەیە و مامۆستای خراپ و کەمتەرخەم هەیە، ئەواش لە ئۆنڵاین هەیە.

10- هەندێک دەڵێن گزی و قۆپی ئاسانە لەسەرهێڵ، ئەمە ڕێی تێدەچێت، بەڵام دیسانەوە خزمەتگوزاری وەکو Turnitin و ProctorU بەردەستن بۆ کەمکردنەوەی ئەم جۆرە حاڵەتانە.

لە کۆتایدا دەڵێم، گرنگە دڵنیایی لە ژیانی مامۆستایان بکرێتەوە پێش هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، و پێویستە حکومەت ئەوە پێش هەموو شتێک مسۆگەر بکات، تاوەکو مامۆستاکە بە دڵسۆزییەوە کارەکەی بکات. ئەگەر نا ئەوەی سەرەوە هیچی سەر ناگرێت و شکست دەهێنێت.

بۆچونی تۆ