بابەتی گرینگ 30, ئاب 2023

ڕەنگە زنجیرەی Galaxy S24 کۆتایی بە دڵخۆشی هەوادارانی سامسۆنگ بهێنێت!

سامسۆنگ; کۆمپانیا تەکنەلۆژییە زەبەلاحەکەی کۆریای باشوور، زۆرترین کەس بە مۆبایلەکانیدا دەیناسنەوە. لە ساڵی 2010 وە مێژوویەکی پرشنگداری دروستکردووە لەگەڵ نمایشکردنی یەکەمین مۆبایلی هۆشمەند لە زنجیرەی گالەکسی (Galaxy S1). لەو کاتەوە ساڵ لە دوای ساڵ داهێنان و نوێگەری لە مۆبایلەکانیدا هەبووە، بەم هۆیەشەوە پێگەیەکی جەماوەری زەبەلاحی بۆ خۆی دروست کردووە. زنجیرە مۆبایلەکانی گالەکسی لە زنجیرەی (S) هەتا ساڵی 2020 و بەرهەمە ئاوازەکانی زنجیرەی (Note) هەتا کۆتایی پێهێنانی زنجیرەکە بیرەوەریەکی پڕ شانازییان بۆ سامسۆنگ و هەوادارانی دروست کردووە.

بەڵام لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا داهێنان و نوێگەری لە مۆبایلەکانی سامسۆنگدا بەرەو کەمبوونەوە چوون و نیشانەی پرسیاریان خستە سەر لێڕوانینی مۆبایلەکانی سامسۆنگ وەک باشترین مۆبایلی ئەندرۆید کە بێگومان مەبەستمان لە مۆبایلە ئاست بەرزەکانە. هۆکاری سەرەکی ئەم بارە لارەی سامسۆنگ بە (تی ئێم ڕۆهـ)ـی سەرۆکی بەشی مۆبایلی کۆمپانیاکە دادەنرێت کە لە ساڵی 2020 ـەوە دەستبەکار بووە، بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە زۆرترین سەرنجی لەسەر بەدەستهێنانی داهاتە وەک لەوەی کە سامسۆنگ وەک کۆمپانیایەکی داهێنەر بهێڵێتەوە.

لە ئێستادا زانیارییە دزەپێکراو و دەنگۆیەکان سەبارەت بە زنجیرە مۆبایلی (Galaxy S24)، کە بڕیارە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو نمایش بکرێت، ئینتەرنێتی پڕ کردووە، کە بەداخەوە زۆرینەیان هەواڵی باش نین.

کەمکردنەوەی لێواری ڕوونمای مۆبایلەکان لە ئێستادا یەکێکە لە گەورەترین ڕکابەرییەکان لەنێوان مۆبایلەکاندا، کەچی گالەکسی S24 ئەڵترا لێوارەکانی زیادیان کردووە بە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی، ئەمە لەجیاتی ئەوەی کەمیان کردبێت! و بێ گومان بە بەراورد بە مۆبایلە ڕکابەرەکانیشی، کە ڕاگەیاندنیان نزیکە، لێوارێکی زەبەلاحی هەیە.

بەراوردی لێوارەکانی گالەکسی S24 ئەڵترا بە مۆبایلە ڕکابەرەکانی

بەراوردی لێوارەکانی گالەکسی S24 ئەڵترا (پێشەوە) بە S23 ئەڵترا (پشتەوە)

دووبارە بەکارهێنانەوەی چیپسێتی ئێکسێنۆس لە دوای دوو ساڵ بۆ وڵاتانی ئەوروپا و بەشی زۆری ئاسیا هەواڵێکی دیکەی خراپە، چونکە ئەزموونمان لەگەڵ ئەم چیپسێتە پێمان دەڵێت کە هەرگیز نەگەیشتۆتە ئاستی چیپەکانی سناپدراگۆن. لە دوو ساڵی ڕابردوودا زنجیرەکانی (S22 و S23) بە چیپی سناپدراگۆنەوە لە هەموو جیهان بەردەست بوون، ئەمەش بووە هۆی ڕازیکردنی بەکارهێنەران و بەرزکردنەوەی ڕێژەی فرۆشتن بە ڕێژەیەکی زۆر، بەڵام پێشتر لە کوردستان زنجیرەی گالەکسی (S21) بە چیپی سناپدراگۆنەوە لەلایەن فرۆشیارانی نافەرمییەوە هاوردە دەکرا و بە نرخێکی زۆر زیاتر لە بازاڕدا دەفرۆشرا، وا دیارە ئەم سیناریۆیە بۆ زنجیرەی S24 ـیش بەڕێوەیە!

باتری مۆبایلەکە هەر وەک خۆی ماوەتەوە کە بە قسەی سامسۆنگ (5000) ملی ئەمپێرە، بەڵام بەپێی تاقیکردنەوەکان سەلمێنراوە کە توانای راستەقینەی باتریی نەوەکانی پێش خۆی لە نزیک 4800 ملی ئەمپێرە!  هێزی بارگاویکەرەوەکەشی هەر وەک خۆی ماوەتەوە کە 45 واتە.

لەلایەکی دیکەوە زنجیرەی مۆبایلە چەماوەکان (زنجیرەی Z) ئەمساڵ دڵخۆشکەر نەبوون بۆ هەوادارانی سامسۆنگ چونکە گالەکسی (Z5 fold) بە نزیکەیی هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە بە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی، گەورەترین پێشکەوتن گەورەکردنی ڕوونمای دەرەکیی گالەکسی (Z flip 5) بوو، ئێستا ڕوونمایەکەی دەرەوەی ڕوونمایەکی کرداری ترە و سوودی زیاترە لە پێشتر.

هەوادارانی سامسۆنگ دەبێت بەهیوا بن زنجیرەی گالەکسی S24، سەرەڕای بوونیان تەم تایبەتمەندییە بێهیواکەرانە، لە بوارەکانی تردا (وەک ڕوونما و کامێرا و تەمەنی پاتری) بەشی ئەوەندە نوێگەری تێدابێت کە بتوانێت دووبارە کڕیاران ڕازی بکات بە کڕینی مۆبایلە نوێیەکانی سامسۆنگ.

تاگەکان GalaxyS24 Samsung
بۆچونی تۆ