ئەپڵ
27, ئهیلول 2013
کۆکراوەی ڕووداوەکانی تەکنەلۆژیا بۆ ئەم مانگە تایبەت بە کۆمپانیای ئەپڵ

دیارە وەکو هەموو ساڵانی ڕابردوو مانگی ئەیلول ناسراوە بە مانگی پڕ رووداوی تەکنەلۆژی و بەم هۆیەشەوە ئەپڵ ساڵانە بەرهەمە ناوازەکانی لەم مانگە نمایش دەکات و دیارە لە ١٠ی ئەم مانگە کۆنگرەیەکی بەست و تێدا جیا لە ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوو کە بە یەک ئایفۆن دەهاتە گۆڕەپان، ئەم جار بە دوو ئایفۆن هاتە گۆڕەپان و جۆرێکی جیاوازی ئایفۆنیشان ئاشکراکرد کە جیاوازە لە جۆرەکانی پێش خۆی و ڕووی دەرەوەی لە کەرەستەی جیاواز دروستکراوە.
بەڵێ لە ١٠ی ئەم مانگە ئەپڵ لە کۆنگرەیەکی تایبەت لە شاری سانفرانسیسکۆی کالیفۆرنیا پەردەی لەسەر دوو ئایفۆن لادا کە یەکەمیان بە ناوی iPhone 5Cـیە و ئەوەی تریش بەناوی iPhone 5Sـە و هەرەیەکەیان تایبەتمەندی ناوازەیان هەیە و پێداویستییەکانی بەکارهێنەر پڕدەکەنەوە.

دیارە لەسەرەتای کۆنگرەکە ئەپڵ کۆمەڵێک نوێکاری باسکرد و پاشان هاتە سەر وەشانی تازەی ئای ئۆ ئێس کە ژمارە ٧ی هەڵگرتووە و دەکاتە iOS7. دوای باسکردنەوەی تایبەتمەندیەکانی ئەم وەشانە نوێیە و دیارکردنی ڕۆژی بەگشتی کردن کە ١٨ی ئەم مانگە دیاریکرا، هاتنە سەرباسی ئایفۆنی ٥سی و باسی ئەم ئامێرەیان کرد و لە ڕووی دیزاینەوە جیایە لە ئایفۆنەکانی پێشخۆی و ڕووی پشتەوەی لە ئەلەمنیۆم و شوشە دروست نەکراوە و بەڵکو کەرەستەیەکی ترە و پلاستیکێکی بەهێزە. ئەم ئایفۆنە بەچەند ڕەنگێکی جیاواز وەشێندرا و ڕەنگەکانیش بریتین لە (زەرد و شین و سەوز و پەمەی و سپی) و هەر لەوێش چەند سەرپۆش و کەیسیان بۆ ئەم ئایفۆنە تازە ڕاگەیاند. پڕۆسێسەری A6 ئەپڵی لەسەرە و شاشەکەی ٤ ئینجە و تایبەتمەندە ڕەسەنەکانی ئامێرەکانی پێشخۆی بە پێشکەوتووتر لەسەرە و نرخی لە ئایفۆن ٥ئێس هەرزانترە بە ١٠٠ دۆلار.

دواتر هاتنە سەر باسکردنی iPhone 5S و کە هەمان شێوەی ئایفۆن ٥ هەیە و چەند نوێکاری و داهێنانێکی تێداکرابوو و ڕەنگێکی تریش هاتە ڕیزەوە ئەویش ڕەنگی زێڕییە و گۆڕانکاریش لە ڕەنگەکانی ڕەش و سپیدا ئەنجامدراوە و کراون بە زیوی و خۆڵەمێشی. دیارە لەم ئایفۆنەدا ئەپڵ دووگمەی (Home)ی کردووەتە پەنجەمۆر و ئێستا و لەمەودوا بەهۆی پەنجە مۆرەوە دەتوانیت ئامێرەکەت بکەیتەوە و لە ئایتونس ستۆر بازاڕبکەیت. هەروەها فلاشی کامێڕاکەی کراوەتە دوودانە و کامێراکەی لێنسی فراوانترکراوە و وێنەکانی باشتر و پێشکەوتووترن لە ئایفۆنەکانی پێش خۆی. ئەمە جگە لەوەی ئەم ئایفۆنەیان پڕۆسێسەری A7 خێراتر لە A6ی لەسەرە و زۆر خێراترە لە ئایفۆنەکانی پێشخۆی و هەر لەگەڵ ئەوەیشدا پڕۆسێسەرێکی تریان بەناوی M7 ڕاگەیاند کە تایبەتە بە گرافیک و باشترکردنی جێبەجێکردن لەسەر ئەو ئامێرە.

دواتر ئەپڵ ڕۆژەکانی بەردەست بوونی ئەم ئامێرانەیان ڕاگەیاندن کە ٢٠ی ئەم مانگەبوو. لەگەڵ ئەوانیشدا ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئای ئۆ ئێس ٧ دیاریکرا کە ١٨ی ئەم مانگەبوو ئێستا بەردەستە و زۆرینەی بەکارهێنەران ئامێرەکانیان نوێکردووەتەوە بۆ ئەم وەشانە و بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەم وەشانە پڕییەتی لە کێشە کە سەرەکیترینیان هێواشییە لە چاو وەشانەکانی پێشخۆی و هەروەها ڕووکارە تازەکەی کە زۆربەی بەکارهێنەران ڕاپۆرتی ئەوەیان داوە کە سەریان گێژ دەخوات لەکاتی بەکارهێنانی ئەم وەشانە.

و دیارە تا ئەم چرکە ساتە ئەپڵ دوو ئەپدەیتی تری لە ئای ئۆ ئێس دەرکردووە و ئێستا وەشانی 7.0.2ـە و دوێنێ ڕاگەێندرا و کێشەی پارێزگاری دەرچوون بەناو قوفڵی شاشە چارەسەرکراوە کە لە ٢١ ئەم مانگە فەلەستێنیەک ئەم هەڵەیەی دۆزییەوە ولە ڤیدیۆیەکدا نیشانی دەدات کە چۆن بە قوفڵی شاشەدا دەردەچێت و پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجام دەدات.

[youtube]http://www.youtube.com/watch?v=L_1Tary_Qoc[/youtube]
دیارە دوای ڕاگەیاندنی ئای ئۆ ئێسی ٧ تەنها لەماوەی ٢ ڕۆژدا ٧ ملیۆن تویت لەسەری کرا و هەموو تویتەری گرتەوە و چەندا تویتی ڕەخنە ئامێز و خەندەئامێز لەنێوان ئەم ڕێژە زۆرەی تویت دەبینرا. جیگای ئاماژەیە کە هەر لەگەڵ دەرچوونی ئای ئۆ ئێس ٧ کۆمپانیاکانی بواری گەشەپێدانی ئەپڵیکەیشن دەستیان کرد بە نوێکردنەوەی ئەپەکانیان و ئەوەبوو ڕێژەیەکی زۆر ئەپڵیکەیشن نوێکرانەوە بۆ پشتگیریکردن لەسەر ئای ئۆ ئێس ٧ و لەوانەش ئینستەگرام و فلیپ بۆرد و قورئان مەجید و گووگڵ ترانسلەیت و گووگڵ کرۆم و هتد.

دیارە لە ٢٣ ئەم مانگە فرۆشتنی ٩ ملیۆن لە دوو ئامێرەی تازەی ئایفۆن ٥سی و ئایفۆن ٥ ئێس بە تەنها لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ڕاگەیاند. و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لە فرۆشتنی ئەم ڕێژەیە زۆرە و لەم ماوە کەمەدا.

لە ٢٤ ئەم مانگەدا ئەپڵ چوار ئای ماکی تری بە گۆڕانکاری ناوەکییەوە ڕاگەیاند و کە دوایین وەشانی نەوەی چوارەمی پڕۆسێسەری کۆمپانیای ئینتێلیان لەسەرە بەناوی (هازويل).
هەر لەم ڕۆژەدا کۆمپانیای نیسان بەڵێننامەی لەگەڵ کۆمپانیای ئەپڵ مۆرکرد لەسەر (iTunes Radio).

ئەمە بریتی بوو لە پوختەیەک لە ڕووداوە تەکنەلۆژییەکان ئەم مانگەی تایبەت بە کۆمپانیای ئەپڵ.
سەرچاوەکان: Aitnews +Apple.com +Cnet
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!