بابەتی گرینگ
26, ئازار 2014
کۆمپانیای HTC پەردەی لەسەر نوێترین مۆبایلی هۆشمەندا بەناوی HTC One M8 لادا.
دوێنی سەر لە ئێوارە، کاتژمێر ٦ بەکاتی کوردستان و لەکۆنگرەیەکی تایبەت دا کۆمپانیای HTCی تایوانی پەردەی لەسەر نوێترین مۆبایلی هۆشمەندی خۆی لادا بەناوی HTC One M8. ئەم مۆبایلە یەکێکە لە مۆبایلە تایبەتمەندییە بەرزەکان لە زنجیرەی مۆبایلە تازەکانی ئەمساڵدا. ئەوەی بەگشتی تێبینی کرا لەم کۆنگرەیە کۆمپانیا بەگشتی چاکسازی و نوێکاری لە ڕوونی شاشە و خێرای و کامێرا و و پاتری و دیزایندا کردووە.
ئەم مۆبایلە شاشەیەکی پڕ ڕوونی بەرز واتە Full HD هەیە و دووگمە سەرەکییەکانی خوارەوەی مۆبایلەکە ئێستا بە لێدان بەدەست واتە Touch کاردەکەن و بەشێکن لە شاشەکە و سەربەخۆ نیین. لە ڕیزی نوێکارییەکان کۆمپانیای ناوبراو بڵندگۆی تازەی بەناوی BoomSoundـەوە لە مۆبایلەکە جێگیرکردووە و بەمەش دەنگێکی ناوازەتر پێشکەش بە بەکارهێنەرانی دەکات.
جێگای ئاماژەیە پڕۆسێسەری ئەم مۆبایلە لە جۆری سناپ دراگۆن ٨٠١ ی کۆمپانیای کواڵکۆمە و چوار ناوکییە و خێراییەکەی ٣.٢ گێگاهێرتزە. ڕامەکەی ٢ گێگایە و یەکەی یادی ناوخۆیی ١٦ گیگ و ٣٢ گیگی هەیە.
ناوازەترین نوێکاری بەلای کۆمپانیا لەم مۆبایلەدا کرابێت بریتی بوو لە دوو کامێراکەی پشتەوەی مۆبایلەکە و وەکو سەرۆکی کۆمپانیا لە کۆنگرەکە ئاماژەی پێدا وتی ئێمە زۆر شانازی پێوە دەکەین. دیارە کامێراکەی پشتەوەی ٤ ئوڵتراپێکسلە کەگوایە دەکاتە ١٦ مێگاپێکسل و هی پێشەوەی ٥ مێگاپێکسڵە.
ئەم مۆبایلە بە دوایین وەشانی ئەندرۆید کە دەکاتە ٤.٤ کیت کات کاردەکات و هەروەها نوێترین وەشانی ڕووکاری Sense 6 لەسەرە کە کۆمپانیای HTC خۆی تایبەت بە مۆبایلە هۆشمەندەکانی خۆی گەشەیپێداوە.
شایەنی باسە ئەم ئامێرە هەر لە دوێنێ وە لە کۆمەڵێک لە بازاڕەکانی جیهان دەست بە فرۆشتنی کرا و بەنیازیشن لە ٢٣٠ وڵاتی تر بەردەستی بکەن بۆ فرۆشتن. ئامێرەکە ٣ ڕەنگی لە خۆی گرتووە ئەوانیش زێڕی و زیوی و خۆڵەمێشین.
سوود وەرگیرا لە Aitnews + ڤیدیۆی کۆنگرەکە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!