دیزاین 14, ئازار 2017

گرافیک دیزایین چییە؟ گرافیک دیزایینەر چ کارەیە؟ لق و پۆپەکانی گرافیک دیزایین چین؟ (بەشی دووەم)

پێش ئەوەی ئەم بەشە بخوێنیتەوە ئەوا پێویستە بەشی یەکەمی ئەم بابەتە بخوێنیتەوە لەم بەستەرەی خوارەوە:

http://kitn.net/babat/8168

ئێستا کاتی ئەوەیە بێینە سەر ئەوەی کە ئایا پێویستە چی بکەیت وەکو گرافیک دیزایینەر.
١- گرافیك دیزایینه‌ر پێویسته‌ پۆرتفۆیلۆی تایبه‌تی خۆ‌ی هه‌بێت!

portfoilo

پۆرتفۆیلۆ چیی یه‌؟ شوێنێكه‌ بۆ نمایشكردنی كاره‌كانت جا چ وێبگه‌یه‌ك بێت یان هه‌بوونی هه‌ژمارێك له‌ بیهانس كه‌ وێبگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ به‌ بواری دیزایین به‌گشتی یان په‌ڕه‌یه‌كی فه‌یسبووك یان هه‌ر شوێنێك كه‌ به‌ ئاسانی خه‌ڵكی بتوانن كاره‌كانت ببینن. پێم وایه‌ پۆرتفۆیلۆ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ واده‌كات به‌ ئاسانی كار بدۆزیته‌وه‌ جا بۆ كۆمپانیای تایبه‌ت به‌ بواری دیزایین بێت یان وه‌كو تاك لایه‌ن بۆ لایه‌نێك كاره‌كه‌ بكه‌یت له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ پۆرتفۆلۆكه‌ت به‌ به‌ڕۆژكراوی (Updated) بهێڵه‌وه‌ و دوایین كاره‌كانت له‌وێ نمایش بكه‌ تا ده‌كرێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و تۆڕه‌ تایبه‌تییه‌كان به‌و بواره‌ هاوبه‌شی پێ بكه‌ و بڵاوی بكه‌وه‌. لەڕاستیدا پۆرتفۆیلۆکەت ئەو شوێنەیە کە وادەکات بە ئاسانی کار بدۆزیتەوە و لەلایەن کۆمپانیا و دامەزراوەکان داوابکرێت وەکو فەرمانبەر کاریان بۆ بکەیت. هەمیشەش گەواهی کڕیار و خاوەنکارەکان بڵاوبکەوە کەوا چۆن کارەکانی تۆیان بەرزنرخاندووە ئەمەش لەپێناو سەرەنج ڕاکێشانی خەڵکانی تر بۆ لای خۆت.

٢- لەدوای هەبوونی پۆرتفۆیلۆ تۆ پێویستە کارامەیی و لێهاتوویت لە دیزایین هەبێت!

designer drawing website development wireframe

پێویستە گرافیک دیزایینەران چاوێکی تیژ و بۆچونێکی داهێنەرانەیان هەبێت. مەبەست لەمە ئەوەیە کە دەبێت تۆ وەکو گرافیک دیزایینەرێک گرنگی بەخۆت بدەیت و توانستی کارکردنت لەگەڵ ڕەنگ و کارە گرافیکیەکانت بەرزبکەیتەوە و باشتر بکەیت و هەر لەسەرەتای کارکردنت وەکو گرافیک دیزایینەر خۆت بێ ورە نەکەیت و بڵێی ئەم ئیشە بەمن ناکرێت کوا من وەکو فڵان دیزایینەر دەتوانم شتێکی وا جوان بکەم؟ بەڵام بیرت بێت ئەوەی من و دەیانی تری وەکو منیش دەیزانن و سەلیقەی باشیان هەیە لە گرافیک دیزایین هەر وەکو تۆ بوونە و گەیشتوونەتە ئەمڕۆ کەواتە دەستی لێ هەڵماڵە و چاوەکانت لەگەڵ ڕەنگەکان ڕابهێنە و کار لەدوای کار هەوڵبدە یاری لەگەڵ ڕەنگەکان بکەیت! بۆ باشتر و چاکترکردنی لێهاتوویت ئەوا دەتوانی پەرتووکی Six Thinking Hats بخوێنیتەوە کە هی نوسەری بەناوبانگ ئێدوارد دی بۆنۆیە و لەلایەن زۆربەی شارەزایانی بواری دیزایین پێشنیار کراوە کە بخوێندرێتەوە کە لەڕاستیدا منیش وەکو خۆم نەم خوێندۆتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆر پێشنیارکراوە پشتیوان بەخوا لەداهاتوودا دەیخونمەوە و هەوڵدەدەم سودی خۆمی لێ وەربگرم! ئێوەش دەتوانن لەم بەستەرەی خوارەوە پەرتوکەکە دابگرن کە بە زمانی ئینگلیزییە:

(Edward_de_Bono]_six_thinking_hats(kitn.net)

بیرمان بێت بوون بە گرافیک دیزایینەر بەدەر لەوەی پیشەیەکە ئەوا ڕێگایەکی سەربەخۆی ژیانە بە واتایەک کە گرافیک دیزایینەران بیرمەندی دیدەنین و تەواوی جەختیان لەسەر بیناییانە کەواتە هەرکات کە بوویتە گرافیک دیزایینەر ئەوا بۆت دەردەکەوێت چۆن و لەکوێ بیرۆکەکانت دەست دەکەوێت جاری واهەبووە کە لە شتانێکی زۆر سەیر و نەگونجاو بیرۆکەم بۆ هاتووە کە دواجار بەرهەمێکی ناوازەی لێ دەرچووە هەر لەبەر ئەوەشە بە ڕێگایەکی سەربەخۆی ژیان ناوزەند دەکرێت لەلای دیزایینەران.

٣- پێویستە زمانی قسەکردنی ئەدۆبیت هەبێت!

adobe

لەوەیە لەلات سەیربێت کە ئایا مەبەست لە زمانی قسەکردنی ئەدۆبی چییە؟ بەڵێ تۆ ئەگەر توانای وێنەکێشانت هەبێت یان نا ئەوا پێویستە فێری چەند بەرنامەیەکی دیاریکراوی دیزایین ببیت و بتوانیت بەکاریان بهێنیت. بەرنامەکانی ئەدۆبیش باشترینن و باوترینن لەنێوان دیزایینەراندا و لەهەمان کاتیشدا زۆرترین سەرچاوەی فێربوونیان لەسەر بەردەستە و فێرخوازی دیزایین دەتوانێت بە ئاسانی دەستیان بخات و یوتیوب و ڤیمیۆ باشترین سەرچاوەی خۆڕایین! بیرت بێت تەنها فۆتۆشۆپ چارەسەری کارت ناکات بەلایەنی کەمەوە پێویستە لە فۆتۆشۆپ و ئیلسترەیتەر و ئیندیزاین ڕەوان و شارەزابیت. چونکە هەروەکو هەموو دیزایینەرێک دەزانێت کە ئیلسترەیتەر ئەوەیە کە لۆگۆی پێ دیزایین دەکرێت و کاری ڤیکتەر دیزاینی پێ دەکەین وەکو دیزایینەر بەڵام هەرچی فۆتۆشۆپە ئەوە بۆ دەستکاری کردنی وێنە و بابەتی دیزایینی وێبە و ئیندیزاینیش بۆ بابەتی چاپەمەنییە! ئەمە هەرچەندە دەیان خەڵک دەڵێن ئاساییە بروشۆرێک یان لۆگۆیەک بە فۆتۆشۆپ دیزایین بکەیت بەڵام ئێمەی گرافیک دیزایینەران دەڵێن نەخێر بەڵکو هەریەکە و بە بەرنامەی تایبەت بە کارەکەی خۆی دەکرێت!

٤- پێویستە تایبەتمەندیەتی خۆت وەرگریت.

team

وەکو پێشتریش ئامەژەم پێدا پێویستە فێربیت و راهێنان بکەیت و ئەزموون وەرگریت بۆئەوەی باشبیت لەوەی دەیکەیت. هەروەکو بەسەر زۆربەماندا هاتووە لەوانەیە لەسەرەتادا دەیان بواری جیاجیای گرافیک دیزایین تاقیبکەینەوە و گەشت بکەین بەناو تاکە تاکەیاندا بۆ نمونە لەوەیە تۆ ئەزموون و تاقیکردنەوە لەگەڵ دیزایینی چاپ و لۆگۆ بکەیت ئەمە دەبینیت دوای ماوەیەک ژینگە گونجاوەکەی خۆت دەدۆزیتەوە و دەبینیت لەڕاستیدا ژینگەی تۆ بریتییە لە دیزایینی وێب. من پێم وایە ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بێت گرنگە تایبەتمەندی لە بوارێکی دیاریکراوی ناو گرافیک دیزایین وەربگریت چونکە بۆ خۆت گرنگە ئەمە. وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێدا بە هەبوونی پۆرتفۆیلۆیەک کە ماڵپەڕێکی کەسی باشترین نمونەیە ئەوا تۆ دەتوانیت چەندین کڕیار بۆ ئەو بوارە دیاریکراوەی کاری تێدادەکەیت بدۆزیتەوە و ئەمەش بە واتای ئەوە نایەت کە تۆ بوەستیت لە تاقیکردنەوەی بوارەکانی تری ناو گرافیک دیزایین بەڵکو دوای ئەوەی ژمارەیەک لە کڕیارت بۆخۆت پەیداکرد ئەوا ئەوکات دەرگات واڵاکردووە بۆ خۆت بۆ ئەوەی بتوانیت بە ئارەزووی خۆت گەشت بکەیت بەناو بوارەکانی تر و تاقیان بکەیتەوە و خۆت شارەزابکەیت لەو بوارانەشدا. ئەوەشمان بیرنەچێت کە چەندان دیزایینەر هەیە لەیەک کاتدا لە چەندان بواری ناو گرافیک دیزایین شارەزایە بەڵام ئەو گرافیک دیزایینەرانە بواریان هەبووە و کاتیان بۆ گونجاوبووە و ساڵانێکی زۆریان لەبەردەست بووە بۆ شارەزابوون لەو چەندان بوارانە و گرافیک دیزایینەریشمان هەیە لە چەند بواری بەیەکەوە گرێدراو کاردەکات و سەرکەوتووە. بۆ نمونە خۆم سەرەتای کارەکانم بە شتی سادەوە دەستی پێکرد و دیزایینی شتی چکڵۆەم دەکرد و دواتر تەشەنەی سەند بۆ دروستکردنی لۆگۆ و دواتر دیزایینکردنی بەرگ و پاشان گەشەی سەند بۆ گرافیکی جوڵاو ناسراو بە مۆشن گرافیکس و ئیدی دواتر هەوڵمدا لە مۆشن گرافیک بمێنەوە و لەپاڵیشییەوە گرنگی بە دیزایینی بەرگ و لۆگۆ و براندینگ و پۆستەر و بابەتە چاپەمەنییەکان ..هتد بدەم. هەواڵی خۆش ئەوەیە کە زۆربەی بوارەکانی ناو گرافیک دیزایین بەیەکەوە گرێدراون و وادەکات دیزایینەر لە زۆر بوار شارەزایی پەیدابکات.

دوا شت کە بیرت نەچێت وەکو دیزایینەر ئەوەیە کە تۆ وەکو ئارەزووێک ئەوە ناکەیت بەڵکو وەکو کار ئەوە دەکەیت و لەبەر ئەوە ناچاردەبیت بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر یەک بوار بمێنیتەوە و جەخت زیاتر لەسەر ئەو بکەیت. کە ئەمەش بە هیچ شێوەیەک ئەوە ناگەیەنێت تۆ سنوردارکرابیت لە سەردانکردن و ئەزموون وەرگرتن لەوانی تر لەدوایی دا!

ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگر کە پێویستە لێرە باس بکڕێت ئەوەیە لەم دواییانەدا پیشەی گرافیک دیزایین زۆر پێویست بووە و بەتایبەتیش لە جیهانی دیجیتاڵی و دیدەنی ئەمڕۆماندا کە هەر یەکە تێدەکۆشێت بۆ سەرەنج ڕاکێشانی ئەوی تر و ئێمەی دیزایینەریش کەوتویینە ئەو ناوەندەوە و براوەش ئەو کەسە نییە کە کارەکەی بە دەنگی بەرز هاوار بکات بەڵکو براوە ئەو کەسەیە کەوا دەزانێت چی دەڵێت و کەی و چۆن دەیڵێت ئەمەش بۆ ئەوەی تۆ بیرت بێتەوە و تێبینی بکەیت کە یەکێک دەیەوێت سەرەنجت ڕابکێشێت بێ ئەوەی تۆ تێبینیت کردبێت ئەوەش ئەو ناوەندەیە کە ئێمەی دیزایینەری تێکەوتوویین و هەر لەبەر ئەمەشە ئێمە بەرنرخین!

کرتە بکە بۆ بەشی یەکەم

کرتە بکە بۆ بەشی کۆتایی

بۆچوونەکان
  • هاوڕێ كمال

    ده‌سته‌كانت خۆش كاك سه‌ردار به‌ڕاستی بابه‌تێكی پوخت بوو وه‌ك به‌شی یه‌كه‌م ….. چاوه‌ڕوانی به‌شی سێیه‌مین ….

    • سەردار عبدالله

      زۆر سوپاس کاک هاوڕێی بەڕێز بۆ لێدوانەکەت. پشت بە خوای گەورە بەشی کۆتاییش ئامادەدەکەم و بەمزووانە بڵاوی دەکەمەوە و گرنگ ئەوەیە جێگای ڕەزامەندی ئێوە بێت.

بۆچونی تۆ