سامسۆنگ
2, ئەیلوول 2017
سامسۆنگ مۆبایلی گالەکسی جەی ٧+ی ڕاگەیاند

دوای کۆمەڵێک زانیاری دزەپێکراو ئەمڕۆ لە تایلەند سامسۆنگ گالەکسی جەی ٧+ی ڕاگەیاند کە دووەم مۆبایلی دوانە کامێرایەتی لە دوای نۆوت ٨، مۆبایلەکە ڕوونمایەکی ٥.٥ ئینچی فوول ئێچ دی هەیە لە جۆری سوپەر ئەمۆڵێد و لاشەکەی ئەلەمنیۆمە، هەرچەندە لە تایبەتمندییە فەرمییەکان پڕۆسێسەرەکە ئاشکرا نەکرا بەڵام تیایدا هاتووە کە خێرایی ناوکەکان ٢.٤ گێگاهێرتزە ئەمەش لەگەڵ زانیارییە دزەپێکراوەکان یەک دەگرێتەوە کە دەیانگوت پڕۆسێسەرەکەی لە جۆری میدیاتێک هیلیۆ پی ٢٠یە، ٤ گب ڕام و ٣٢ گب بیرگەی ناوەکی و پشتگیری بیرگەی دەرەکی لە مۆبایلەکەدا هەن.
بێینە سەر گرنگترین بەشی مۆبایلەکە! کامێرایەکی ١٣ مێگاپیکسڵ بە تیرەی چاوی f/1.7 و کامێرایەکی یارمەتیدەری ٥ مێگاپیکسڵ بە تیرەی چاوی f/1.9 پێکەوە کار دەکەن و توانایەکی باشی وێنەگرتن بە شێوەی Bokeh(تەڵخکردنی پشتەوەی وێنەکان) دەبەخشنە مۆبایلەکە، کامێرایەکی ١٦ مێگاپیکسڵیش بە تیرەی چاوی f/1.9 لە پێشەوەیە بۆ عاشقانی سێڵفی.
پاترییەکی ٣٠٠٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێر و هەستەوەری پەنجەمۆر و توانای ڕوونمای هەمیشە پێکراو و ئەپی Bixby home کۆمەڵێکی ترن لە تایبەتمەندییەکان.
مۆبایلەکە لە ئێستادا تەنها لە تایلەند بەردەستە و لە داهاتوودا لە وڵاتانی تر بەردەست دەبێت.



محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
گرنگەی گالەکسی نۆوت 8